دروستکردنەوەی بەنداوی چەق چەق دوو دەستیپێکردەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر دەستپێکردنەوەی کارەکانی دروستکردنی بەنداوی چەق چەق دوو لە گوندی چەق چەقی سەر بە پارێزگای سلێمانی. پڕۆژەکە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی ڕاگیرابوو، ئێستا بە دیزاینێکی نوێوە دەستی بەکارەکانی کردۆتەوە کە توانای گلدانەوەی ئاوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، پڕۆژەکە دووبارە دیزاینی بۆ کراوەتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای گلدانەوەی ئاو. بەپێی دیزاینە نوێیەکە، قەبارەی بەنداوەکە لە سێ ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ نۆ ملیۆن مەتر سێجا زیادکراوە و بەرزییەکەشی 10 مەتر بەرزکراوەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لەبەرئەوەیە کە ئەو ئاوەی لە چەمی چەق چەقەوە دێت، ئاوێکی زۆرە و پێویستی بە بەنداوێکی گەورەتر هەیە.
بەنداوە نوێیەکە بە ستانداردی جیهانی و بە شێوازێکی کۆنکرێتی دروست دەکرێت. لە کاتی پڕبوونیدا، بەنداوەکە ڕووبەری یەک کیلۆمەتر دووجا ئاو گلدەداتەوە و لە ڕووبەری هەشتا و نۆ کیلۆمەتر دووجاوە ئاو وەردەگرێت، کە پشتی بە ئاوی باران بەستووە.
ئاوات ئەنوەر، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەکە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێت و چەندان سوودی گرنگی دەبێت. لەوانە؛ بەخێوکردنی ماسی: دابینکردنی هەلی گونجاو بۆ پەرەپێدانی سامانی ماسی. گەشتوگوزار، بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکەدا. ژینگە، بەتەڕ هێشتنەوەی چەمی قلیاسان، کە سوودێکی زۆری بۆ ئەو پڕۆژانەی داهاتوو دەبێت کە لەو سنوورە ئەنجام دەدرێن. دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، گرنگییەکی تایبەتی بۆ هاووڵاتییانی سلێمانی دەبێت. کاری هاوکات لەسەر بەنداوی چەق چەق یەک لەگەڵ کارکردن لە بەنداوی چەق چەق دوو، کاری دیزاینکردنەوە بۆ بەنداوی چەق چەق یەکیش لە سنووری سەرچنار کراوە. زۆربەی کارەکانی ئەو بەنداوەش تەواو بووە و پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە کە بە هەردوو بەنداوەکە پێکەوە توانای گلدانەوەی 11 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەبێت.
دروستکردنەوەی بەنداوی چەق چەق دوو وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ شاری سلێمانی سەیر دەکرێت کە جگە لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئاو، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بواری ئابووری و ژینگەیی ناوچەکەش دەبێت.