هەوڵی ڕێگریی لە لەناوچوونی بزنی مەرەز دەدرێت
بزنی مەرەز ئاژەڵێکی تایبەت بە ژینگە و جوگرافیای کوردستانە کە چەند ساڵێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی زۆر کەمبووەتەوە و مەترسییی لەناوچوونی لەسەرە، ئاژەڵدارێکی پارێزگای سنە، لە ساڵی 2020دا، 18 سەری لەم بزنە کڕیوە و توانیویەتی لە ماوەی پێنج ساڵدا ژمارەی بزنەکانی بگەیەنێتە زیاتر لە هەزار بزن و دەشڵێ ئامانجی لەم کارە دەسکەوتی ماددی نییە و تەنیا دەیەوێت ئەم جۆرە بزنەی کوردستان لە مەترسیی لەناوچوون بپارێزێت.
ئەمە بزنی مەرخوزە کە لە کوردستان بەناوی بزنەمەرەزیش دەناسرێت، ئەم جۆرە بزنە بە تایبەتی بە هۆی قوماشی مەرەزەوە ناوبانگی هەیە کە لە مووی ئەم بزنە بەرهەم دێت و بە تایبەت لە ناوچەی هەورامان شاڵ یا رانک و چۆخەی لێ دەدروون.
لە ساڵانی ڕابردوودا بزنە مەرەز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی لەناوچوونی لەسەر بووە هەر بۆیە ژماریەک ئاژەڵدار هەوڵیان داوە ڕێگا لە لەناوچوونی بگرن و ژمارەیان زیاد بکەنەوە.
حەسەن ئەرشەدی، ئاژەڵدار بە کوردستان24ـی گوت: خەریک بوو ئەم جۆرە بزنە لەناو دەچوو، ئێمەش بەهاوکاریی کۆمەڵەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی، هەڵساین بە کڕینی 18 سەر بزنی مەرەز، ئێستا زیادیکردووە بووەتە هەزار سەر بزن.
گوتیشی: مووەکەی دەنێرینە بانە، هەروەها ئەگەر ئەم جۆرە بزنە ژمارەکەی زیاد بکەین و بگاتە دوو هەزار سەر بزن، ئەوە دابەشی دەکەین بۆ ئەوەی زیاتربن و مەترسی لەناو چوونیان لەسەر نەمینێت، دەشڵێت: هیچ سوودێکی بۆ من نییە، تەنیا مەبەستم ئەوەیە ئەم جۆرە بزنە لەناو نەچێت.
بزنە مەرەز کێشی دەگاتە 35 کیلۆ و ڕۆژانە تەنیا 300 میلی لیتر شیر بەرهەم دەێنێت. تاکە بەرهەمی ئەم بزنە کە سەردەمانی زوو خواستی زۆر لەسەر بووە، مووەکەی بووە کە بۆ بەرهەمهێنانی قوماشی مەرەز بەکار هاتووە، بەڵام کەمبوونەوەی لەبەرکردنی جلی مەرەز، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم بزنە سوودێکی ئەوتۆی نەمێنی و لە لایەن ئاژەڵدارانەوە پشتگوێ بخرێ و بەرەو لەناوچوون بچێت، زۆربوونەوەی ژمارەی ئەم بزنە لە کوردستان ڕەنگە ببێتە هۆی زۆربوونی لەبەرکردنی شاڵ و ڕانک و چۆخەی مەرەز.
شوانکارێکیش دەڵێت، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ حەسەن ئەرشەدی، ئاژەڵدار نییە، بەڵکو تەنیا مەبەستی ئەوئەیە ئەو جۆرە بزنە لەناو نەچێت.
ژینگەی ئەم ئاژەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا پارێزگای سنە و ناوچەی موکریانی پارێزگای ورمێیە. لە ساڵی 1993دا 15 هەزار سەر بزنە مەرەز لە پارێزگای سنە و 8 هەزار سەریش لە پارێزگای ورمێ هەبوون. بەڵام تا ساڵی 2020 ژمارەی ئەم ئاژەڵە لە پارێزگای سنە گەیشتە کەمتر لە 500 سەر و مەترسیی لەناوچوونی کەوتە سەر، بەڵام خەمخۆریی ئاژەڵدارانی کوردستان و بەکارهێنانی شێوازی نوێ و زانستی بۆ زۆربوونی زاوزێی ئەم ئاژەڵە، توانیویەتی ڕێگا لە لەناوچوونی بگرێت.