کەنیسەیەکی مێژوویی سوید بە بناغەوە دەگوازرێتەوە؛ "چەندان ساڵە چاوەڕێی ڕووداوەکەین"

کەنیسەیەکی مێژوویی سوید بە بناغەوە دەگوازرێتەوە؛ هاووڵاتییانی وڵاتەکە دەڵێن "شتێکی سەیرە و چەندان ساڵە چاوەڕێی ڕووداوەکەین".

لە شارۆچکەی کیرۆنا لە سوید، کەنیسەیەکی مێژوویی کە وەک جوانترین باڵەخانەی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە، بەهۆی مەترسی داڕمانەوە بە بناغەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نوێ.

کەنیسەی کیرۆنا، کە کێشەکەی دەگاتە 741 تۆن و پانییەکەی 40 مەترە، لەسەر چەندین تایەی تایبەت هەڵگیراوە و بە خێرایی 0.5 بۆ 1.5 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەگوازرێتەوە. بۆ ئاسانکاری گواستنەوەکە، شەقامەکان لە 9 مەترەوە بۆ 24 مەتر فراوان کراون.

هۆکاری سەرەکی ئەم گواستنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ کاری کانزاکاری لە ناوچەکەدا، کە بووەتە هۆی نیشتنی زەوی و دروستبوونی مەترسی لەسەر باڵەخانەی کڵێساکە. تێریسا لیندەرۆت، سەرۆکی تیمی پەرەپێدانی کۆمەڵگە، ڕایگەیاند، ماوەی 8 ساڵە کار بۆ ئەم پڕۆژەیە دەکەن و بەهۆی نیشتنی زەوییەوە، کڵێساکە بۆ شوێنێکی نوێ لە ناوەندی شاردا دەگوازنەوە.

کەنیسەی کیرۆنا، کە لە ساڵی 1912 بنیات نراوە و تەمەنی 113 ساڵە، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی سوید. پرۆسەی گواستنەوەکەی سەرنجی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ڕاکێشاوە و هەزاران کەس بۆ بینینی ئەم ڕووداوە ناوازەیە سەردانی شارۆچکەکەیان کردووە. بەشێک لە ئامادەبووان ئەم کارەیان بە "ڕووداوێکی گەورە" و "کارێکی سەیر" وەسف کرد.

بڕیار وایە لە ماوەی هەفتەیەکدا، کڵێساکە بگەیەنرێتە شوێنە نوێیەکەی کە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە شوێنی پێشوویەوە دوورە.

 
 
Fly Erbil Advertisment