پزیشکان: نابێت هیچ دەرمانێک بەبێ ڕێنمایی بە نەخۆش بدرێت

هەموو دەرمانێک دەبێت بە ڕێنمایی وەربگیرێت، هەر وەکوو هەندێک لە دەرمانەکان بۆ چارەسەری سەرەتایی ڕاستەوخۆ بە نەخۆش دەدرێن، بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی پزیشکییەکان نابێت بێ ڕێنمایی هیچ دەرمانێک بەکار بهێنرێن، چونکە مەترسی دروست دەکەن.
شەپۆل جەلال پزیشکی پسپۆر بە کوردستان24ـی گوتی: هەندێک نەخۆش هەیە، بەهۆی وەرگرتنی دەرمان بەبێ ڕێنمایی پزیشک، دەستنیشانکردن و چارەکردنی نەخۆشەکە دوا دەخات و هاوکات کاریگەری خراپ دروست دەکات، بە شێوەیەک ئەگەر نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بێت، ئەوا بەرگری نەخۆشەکە لاواز دەکات و دەکاتە نەخۆشییەکی بەکتریایی.
هەڵدێر محەممەد، دەرمانساز لەو بارەوە دەڵێت: هەر نەخۆشێک کە تووشی حاڵەتێک یان ڤایرۆسێک دەبێت، سەرەتا بە پرسیارکردن لێکۆڵینەوە لە نەخۆشەکە دەکەین و دواتر دەرمانی دەدەینێ، ئەگەر نەخۆشەکە حاڵەتێکی مەترسیداری هەبوو، ئەوا ڕەوانەی پزیشکی پسپۆر دەکەین.
ئەو دەرمانسازە ئاماژەشی دا، هەندێک لە نەخۆشەکان بەبێ ڕاچێتەی پزیشکی دەرمان وەردەگرن یان نەخۆشەکە بەبێ ڕێنمایی پزیشک لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە چارەسەر وەردەگریت، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ئەو نەخۆشە دروست دەکات.
پرسی بەکارهێنانی دەرمان بێ پشکنینی پزیشک وای کردووە، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و بنکەکانی تەندروستی و کۆنترۆڵی دەرمانخانەکانیش دەست پێبکات، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیش ئاگاداری سەرجەم دەرمانخانەکان دەکاتەوە، جگە لە هەندێک دەرمانی سەرەتایی نەبێت، هیچ دەرمانێکی تر بەبێ پشکنینی پزیشک بە هاووڵاتییان و نەخۆشەکان نەدرێت.