سەرەتای مانگی داهاتوو پرۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەنتەری سۆران

دابەشکردنی کارەبای سۆران ئاماژە بەوە دەکات، کارکردن لە پرۆژەی ڕووناکی لەو سنوورە بەردەوامە و تاوەکوو سەرەتای مانگی داهاتوو قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواو دەبێت و 45 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن.
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کارکردن لە پرۆژەی ڕووناکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە و بۆ هەشت زۆن دابەشکراون و تاوەکوو ئێستا پێنجیان تەواوبوونە، کە سەنتەری سۆران دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران گوتیشی: بەگوێرەی پلانی کارکردن تاوەکوو یەکی ئەیلوول قۆناغی یەکەم تەواو دەبێت و کارەبای 24کاتژمێری دەگاتە تەواوی گەڕەکەکانی ناو سۆران کە ژمارەیان 45 هەزار هاوبەشی کارەبایە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆی گشتیی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87 هەزار و 462 هاوبەشە، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی پێوەری کارەبای زیرەکیان نەبەستووە تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی بۆ سەرجەم ماڵەکان دەبەستن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند گەڕەکێکی سۆران کارەبای نیشتیمانی دەکوژێتەوە بەهۆی کارکردنی تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکان کراوە بۆ ئەوەی لەو کاتە کارەبایان پێ بدەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پڕۆژەکە، پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای زیاتر لە 2,700,000 هاووڵاتیی کردووەتە 24 کاتژمێری؛ ئەمەش نزیکەی %40ی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026ـیش بگاتە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان هەبووە، ئەمەش بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان.
پێشتر وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی دابین کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.