وەرزی ڕنینەوەی تەماتەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەلی کاری بۆ 30 هەزار کەس ڕەخساندووە
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی ڕنینەوەی تەماتە دەستیپێکردووە و هەلی کاری بۆ نزیکەی 30 هەزار کەس ڕەخساندووە.
لە شاری کامیارانی سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزی ڕنینەوەی تەماتە دەستیپێکردووە. جووتیاران ئەمساڵ بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی پێشکەوتووی ئاودێریی دڵۆپە و بەکارهێنانی ڕێگای بایۆلۆجی بۆ لەناوبردنی ئافاتەکان لەجیاتی ماددەی کیمیایی، چاوەڕێی بەرهەمێکی باش و کوالێتی بەرز دەکەن.
ئەردەشیر مینبەری، یەکێک لە جووتیارەکان، ئاماژەی بەوەدا، ساڵانە لەنێوان 10 بۆ 15 هێکتار زەوی دەکات بە تەماتە و ئەمساڵ هەشت هێکتاری چاندووە. پێشبینی دەکرێت لە هەر هێکتارێکەوە لەنێوان 100 بۆ 150 تۆن تەماتەی پیشەسازی و 100 بۆ 120 تۆن تەماتەی فرێش بۆ بازاڕ بەرهەم بهێنرێت.
بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لە شاری کامیاران 1200 هێکتار زەوی کراوە بە تەماتە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 100 هەزار تۆن بەرهەمی هەبێت. بەمەش شاری کامیاران نزیکەی نیوەی کۆی بەرهەمی تەماتەی پارێزگای سنە دابین دەکات.
کەماڵ ڕۆستەمی، بەڕێوەبەری جهادی کشتوکاڵی کامیاران، ڕایگەیاند کە تێکڕای بەرهەمهێنان لە هەر هێکتارێکدا نزیکەی 80 تۆنە.
وەرزی ڕنینەوەی تەماتە کە لە ناوەڕاستی هاوینەوە دەستپێدەکات و نزیکەی مانگێک دەخایەنێت، هەلی کاری بۆ نزیکەی پێنج هەزار کەس لە کامیاران ڕەخساندووە. بەگشتی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی 30 هەزار کەس لەم وەرزەدا کار دەکەن.
بەهارە زەینولعابدینی، یەکێک لە کرێکارەکان، دەڵێت کە ئەو سەرپەرشتی خێزانەکەی دەکات و لەم وەرزەدا لەگەڵ منداڵە قوتابییەکانی کار دەکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان، زیاتر لە 600 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم بهێنرێت، کە بەشێکی بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوە دەکرێت.