گرووپێکی هەڵپەڕکێی کوردی چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا

گرووپێکی هەڵپەڕکێ لە دوو فێستیڤاڵی جیاوازدا توانیان چەند خەڵاتێک بەدەستبهێنن و کوڕە کوردێکی دەنگبێژیش توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنیت.
ڕابەر کوردستانی، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە 16 و 17ـی ئاب، لە شاری باتۆمی جۆرجیا لەگەڵ گرووپی هەڵپەڕکێی شڵێوە، بەشداربووین لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەربارەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و توانیمان چەندین خەڵات بەدەستبهێنین.
هەروەها گوتی: گرووپی هەڵپەڕکێی شڵێوە توانی پلەی یەکەم دیپلۆمی شانازی و ( Grand Prix ) خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵت بەدەستهێنا و بەشانازییەوە نوێنەرانی کوردستان توانییان بەجوانی خاوەنداری لە کولتووری دێرین و بەهێزی نیشتمان بکەن و پاڕێزەرێکی باش و بەئەمەک بن.
ئاماژەی بەوە کرد، لە بواری دەنگ و مۆسیقا، پلەی یەکەم و خەڵاتی زێڕین بەدەستهێنم و دووەمجار بەشداری لە فێستیڤاڵی لەمشێوەیە دا بکەین.
لە فێستیڤاڵەکە دا 39 گرووپ بەشداریان تێدا کردبوو و چەندین کەسایەتی بەناوبانگی هونەری وەک لێژنەی هەڵسەنگاندن بەشداربوون.