تەندروستیی سلێمانی ژمارەی بریندارانی لالەزار و دۆخی تەندروستییان بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، 19 کارمەندی هێزەکانی یەکێتی بریندارن و لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

ڕۆژی هەینی، 22ـی ئابی 2025، دکتۆر هێرش سەید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بریندارەکانی هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و چارەسەری تەواویان بۆ دەکرێت، ئێستا دۆخیان جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە.

لە بارەی ژمارەی بریندارەکان گوتیشی: 19 بریندار هێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی و بە وردی چاودێری دۆخی تەندروستییان دەکرێت، هاوکات بریندارەکان لە هێزی ئەمنین و هاووڵاتی ئاسایی تێدا نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووبەڕووبوونەوە هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیر کران.

 
Fly Erbil Advertisment