هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان

دوای 11 ساڵ لە هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان، هەزاران مەسیحی ئاوارەی دەشتی نەینەوا هێشتا هەرێمی کوردستان بە پەناگەی خۆیان دەزانن و بەهۆی نەبوونی متمانە بە حکوومەتی فیدراڵی و ترسیان لە میلیشیاکان، ئامادە نین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئارامی و ئازادی دەکەن، لە کاتێکدا ناوچەکانی خۆیان هێشتا لەژێر هەڕەشەی ناجێگیریی ئەمنیدایە.

هانی بەهنام، یەکێک لەو ئاوارانەیە کە خەڵکی بەرتلەیە و ئێستا لە عەنکاوەی هەولێر دووکانێکی بچووکی کردووەتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی. ئەو دەڵێت: "11 ساڵە لێرەم و ناگەڕێمەوە، چونکە کچ و منداڵم هەیە و لە بارودۆخی ئەوێ دەترسم، ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان بە ئاسوودەیی دەژین و بووەتە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانە، بەڵام لە ناوچەکەی خۆی دڵنیا نییە لە داهاتوویەکی ئارام.

ئەم هەستە تەنیا هی هانی نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە ڕای زۆرینەی ئاوارە مەسیحییەکان. ڕەمزی ڕۆفائیل، سەرۆکی کۆمەڵەی حەمدیان بۆ تواناسازی، لەو بارەوە دەڵێت: جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری، بوونی میلیشیاکان وایکردووە خەڵک متمانەی بە گەڕانەوە نەمێنێت. جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە مەسیحییەکان متمانەیان بە حکوومەتی فیدراڵی نییە و بەپێچەوانەوە، لە هەرێمی کوردستان هەموو مافەکانیان پارێزراوە، لە وانەش مافی ئایینی و نەتەوەیی. داواش دەکات پرسی ناوچە کێشە لە سەرەکان، بەتایبەت دەشتی نەینەوا، لە ڕێگەی ماددەی 140ی دەستوورەوە چارەسەر بکرێت.

هێرشی چەکدارانی داعش بووە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی پێکهاتە جیاوازەکان، کە زۆربەیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی توندوتیژیی ئایینی لە 22ی ئاب، ئەم پێکهاتانە داوای کۆتاییهێنان بەو ستەمکارییە دەکەن کە لەسەر بنەمای ئایین و بیروباوەڕ بەرانبەریان دەکرێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور و دەشتی نەینەوا.

چیرۆکی ئاوارە مەسیحییەکان تەنیا چیرۆکی ئاوارەیی نییە، بەڵکوو چیرۆکی لەدەستدانی متمانەیە بە دەسەڵاتێک کە نەیتوانیوە ئاسایش و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات. لە کاتێکدا ئەوان لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئارامی و پارێزراوی دەکەن، گەڕانەوە بۆ زێدێکی پڕ لە میلیشیا و بێ خزمەتگوزاری، بەلایانەوە هەنگاوێکە بەرەو داهاتوویەکی نادیار. بۆیە دوای زیاتر لە دەیەیەک، هێشتا هەرێمی کوردستان ماڵ و پەناگەی ئەوانە.

 
Fly Erbil Advertisment