کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر خێزان؛ "لە یەک ماڵداین، بەڵام لە یەک دوورین"

بەکارهێنانی بەربڵاوی مۆبایلە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای ئاسانکارییەکانیان لە ژیانی ڕۆژانەدا، بووەتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان و کەمبوونەوەی گرنگیدان بە یەکتربینینی ڕاستەوخۆ. 

هاووڵاتیان و شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆیان لەم دیاردەیە دەردەبڕن و جەخت لەسەر پێویستیی دیاریکردنی کات بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە.

ڕابەر فەرهاد، هاووڵاتییەکی شاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بە ئەزموونێکی تاڵی خۆی کرد کاتێک سەردانی ناسیاوێکی کردووە و بینیویەتی کە ئەو بەردەوام خەریکی مۆبایلەکەی بووە، لە کاتێکدا ڕابەر ویستوویەتی ڕووبەڕوو گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. ئەم دۆخە ڕابەری زۆر نیگەران کردووە و وەک نموونەیەکی بەرجەستەی کەمبوونەوەی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان باسی لێوەکرد.

هەر لەم بارەیەوە، وریا مەلا یاسین، هاووڵاتییەکی دیکەی هەولێر، پێی وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانن. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامیشەوە، پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان پیرۆزیی تایبەتیان هەیە و نابێت هەموو ئەرکەکان تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەوە جێبەجێ بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد گۆمەشینی، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئەوەی خستەڕوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو لە ڕووی سۆزداریشەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر پەیوەندیی نێوان هاوسەران داناوە. گۆمەشینی گوتی: "وایان کردووە تامەزرۆیی یەکتربینین کەم ببێتەوە، بگرە دوو هاوسەر کە لە یەک ماڵیشدا دەژین تامەزرۆی بینینی یەکتر نین، چونکە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتر دەبینن."

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە پێشنیاری ئەوە دەکات کە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و سروشتی، پێویستە تاکەکان کاتێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکەن.

جێی ئاماژەیە توێژینەوەیەکی زانکۆی 'ئانا' لە هیندستان کە لەسەر زیاتر لە 300 هاوسەر ئەنجامدراوە، دەریخستووە ئەو خێزانانەی بە ڕادەیەکی زۆر مۆبایل بەکاردەهێنن، پەیوەندییەکانیان لاوازترە و هەستی هاوسەرگیرییان بەرانبەر یەکتر وەک سەرەتا نامێنێت. ئەمەش پشتڕاستی ئەو بۆچوونانە دەکاتەوە کە زۆر بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکان هەیە.

سەرەڕای ئەو سوود و ئاسانکارییانەی مۆبایل لە بوارەکانی پەیوەندیکردن، بازرگانی و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەدا پێشکەشی دەکات، بەڵام دیوە نەرێنییەکەی کە بریتییە لە کەمبوونەوەی پەیوەندییە مرۆییە ڕاستەوخۆکان، بووەتە جێگەی نیگەرانییەکی جیددی لەناو کۆمەڵگەدا.

 
Fly Erbil Advertisment