گەرماوی پاشا لە کفری نۆژەندەکرێتەوە
هەڵمەتی نۆژەنکردنەوە لەپێناوی پارێزگاری کردن لە مێژوی شارستانیەتی شارۆچکەکە و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران لە کفری بەردەوامە، لە هەنگاوێکی نوێشدا کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی گەرماوی پاشا کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدە دروست کراوە دەستی پێ کردووە.
گەرماوی پاشایە لە کفری لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدە بنیاد نراوە، سیروان ئەزموونی 30 ساڵ کاری گەچ کاری هەیە، ڕاسپێدراوە بۆ کاری نۆژەنکردنەوەی گەرماوەکە، کە بەهۆی زۆری تەمەن مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، کارکردن لە پڕۆژەکەدا ورد دەبێ، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەندازەیی لەسەر هەمان شێوازی خۆی نۆژەن بکرێتەوە.
سیروان نەسەرەدین بەنا، بە کوردستان24ـی گوت: نۆژەنکردنەوەکە کارێکی قورسە، هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو کارە بکات، بەتایبەت کارکردن لە شوێنەوار، چونکە کارێکە پێویستی بە وردەکاری هەیە.
گەرماوەکە لەسەرەوە دوو گومەزی شێوە ڕۆمانی هەیە، لەکۆندا شوێنی خۆشۆردنی پاشا و پیاوانی کفری بووە، هەفتانەش دوو جار ژنان بۆیان هەبووە بۆ خۆشۆردن گەرماوەکە بەکار بێنن، بەڵام وەك شوێنەوارەکانی دیکەی کفری بەهۆی پەراوێز خستن بەشێکی داڕوخابوو.
عوبێد محەمەد، بەڕێوبەری شوێنەواری کفری، ڕایگەیاند، کاری نۆژەنکردنەوەی گەرماوی پاشا، بەدجەکەی لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی 'CDO' دابینکراوە، دەشڵێت: تەمەنی گەرماوی پاشا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی 18.
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان زیاتر لە پێنچ هەزار ساڵە کفری جێگای ژیان کردنە، ئەمەش وای کردووە ببیتە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی پڕ لە شوێنەوار.