ئێران و تاڵیبان زیندانیانی ئەفغان بۆ مەبەستی سیاسیی بەکار دەهێنن

بڕیارە بزووتنەوەی تاڵیبان، سێ هاووڵاتی ئەفغان کە بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ لەندەن، دەستبەسەر کراون، بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنی ڕادەستی ئێران بکات.
ڕۆژنامەی بەریتانی 'تەلەگراف' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "ئەم سێ کەسە، ناویان لەگەڵ هەزاران هاووڵاتی دیکەی ئەفغاندا، لەو لیستەدا بووە کە ساڵی 2021 بەریتانیا، بە هەڵە ئاشکرای کردبوو. لیستەکە، ناوی سەربازانی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان، ئەندامانی هێزە تایبەتەکان و ئەو کەسانەی هاوکاری ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی بەریتانیایان کردووە، تێدا بووە"
بەرژەوەندیی دوولایەنە
تەلەگراف نووسیویەتی "ڕێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئێران، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە؛ تاران دەیەوێت ئەم زیندانییانە وەک ئامرازێکی فشار لە دانوستانە ئەتۆمییەکانیدا لەگەڵ ڕۆژئاوا بەکار بهێنێت، لە کاتێکدا تاڵیبان هیوادارە ئێران، دان بە حکوومەتەکەیدا بنێت."
سەرچاوە حکوومییەکانی بەریتانیا، داوایان لە تاڵیبان کردووە پابەندی ئەو لێبووردنە گشتییە بێت کە دوای گرتنەوەی کابول لە ئابی 2021 ڕایگەیاندووە و واز لە ڕاوەدوونانی سەربازان و هاوکارانی پێشووی وڵاتانی ڕۆژئاوا بهێنن. ئێران و سەرکردەکانی تاڵیبان، لەوانە زەبیحوڵڵا موجاهید، حەمدوڵڵا فترەت و زیا ئەحمەد، هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان بەرانبەر ئەم ڕاپۆرتە نەبووە.
ڕاپۆرتەکەی بەریتانیا، نیگەرانیی جددیی لەنێو سەربازانی پێشووی ئەفغان لە ئەفغانستان و ئێران دروست کردووە. یەکێک لە ئەندامانی هێزە تایبەتەکانی ئەفغان، کە پێشتر هاوکاریی بەریتانییەکانی کردووە و ئێستا لە ئێران دەژی، بە ڕۆژنامەی تەلەگراف ی گوتووە: تاڵیبان، بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت ئامادەیە دەست بۆ هەموو کارێک ببات. پێشتر دەمانیان کوشت، ئێستا ڕادەستی ئێرانمان دەکەن. ژیانمان لە مەترسیدایە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی پێشتر، لەگەڵ بەریتانییەکاندا کاریان کردووە.
ئەفسەرێکی پێشووی پۆلیسی تایبەتیش باس لەوە دەکات دوای ئاشکرابوونی ئەم لیستە، بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکرێت و ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە هاوکارەکانی دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون.
ناکۆکیی نێوان تاڵیبان و مەلاکانی قەندەهار
ڕاپۆرتەکەی تەلەگراف، دەڵێت: ڕادەستکردنی سیخوڕە گومانلێکراوەکانی بەریتانیا بە ئێران دوای دانوستانە ئاست بەرزەکانی نێوان سەرکردایەتیی تاڵیبان و بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران دێت، کە هەفتەی ڕابردوو بۆ فەرمیکردنی ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، چووبوونە کابوڵ. ئەو ڕێککەوتنە ڕێگە بە هەردوو حکومەت دەدات بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێن کە بە بنکەی داتای دزەپێکراوی بەریتانیادا ناسێنراون.
ڕێککەوتنی نێوان سوپای پاسداران و تاڵیبان ناکۆکییەکانی نێوان ئیدارەی تاڵیبان لە کابوڵ و مەلا دەسەڵاتدارەکانی قەندەهار، قووڵتر کردۆتەوە.

سیراجەددین حەقانی، وەزیری ناوخۆی تاڵیبان، پێیوایە کە تاڵیبان دەبێت بەدوای کارتێکی دیکەی فشاردا بگەڕێت دژی بەریتانیا، نەک دیلە ئەفغانەکان ڕادەستی تاران بکات.
بەرپرسێکی تاڵیبان لە کابوڵ بە "تەلەگراف"ی گوت: وەزیری ناوخۆی تاڵیبان، لە ڕادەستکردنی ئەو سێ سیخوڕە گومانلێکراوەی بەریتانیا ڕازیی نییە، بەڵام کاتێک فەرمانێک لە قەندەهارەوە دێت، حەقانی، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە جێبەجێ کردنی فەرمانەکە.
بەرپرسانی باڵای تاڵیبان ڕایانگەیاند کە سیخوڕە گومانلێکراوەکان لە کابوڵ دەستبەسەرن و گواستنەوەیان بۆ تاران چاوەڕێی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ دەکات.
لیستە بەریتانییە ترسناکەکە
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبان، لانیکەم 13 کەسیان لە ماڵێکدا لە قەندەهار، دەستبەسەر کردووە کە دەگوترێت ناویان لە لیستە دزەپێکراوەکەدا هەیە.
بەرپرسانی تاڵیبان کۆپیی لیستی ناوەکانیان داوەتە هێزە هەواڵگرییەکانی ئێران، دواتر سێ کەسیان بۆ ڕادەستکردنەوەیان بە ئێران، هەڵبژاردووە کە گومانی ئەوەیان لێ دەکەن لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وەک بریکاری بەریتانیا کاریان لە ئەفغانستان کردووە.
تەلەگراف، پێشتر، لە 13ی ئابدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا هاتبوو "سوپای پاسداران هەوڵ دەدات لیستێک بەدەست بهێنێت کە ناوی 25 هەزار ئەفغانیی تێدایە لەوانەی داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە. دواتر دەست بە ناسینەوەی ئەو کەسانە دەکرێت کە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی بەریتانیا (ئێم ئای 6)یان کردووە."
میدیاکانی بەریتانیا لەوانە «تەلەگراف» و «دەیلی مەیڵ» پێشتر هۆشدارییان دابوو کە ئاشکرابوونی ئەم لیستە، بووەتە هۆی دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی ژمارەیەک لە سەربازانی پێشووی ئەفغان لەلایەن تاڵیبانەوە، لە کاتێکدا تاڵیبان هەمیشە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.