بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی هەولێر- سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە

کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی گرنگی ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و سلێمانی دەستی پێکردووە. بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێریش، دڵنیایی دەدات کە هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە تەواو بکەن.

شەممە 23ـی ئابی 2025، عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ ماوەی هەفتەیەکە نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی پێکەوەبەستنی سەنتەری پارێزگای هەولێر بە سلێمانی، بە تایبەتی لە نزیک بەنداوی سماقوڵی، کە ڕێگەی ئیدارەی ڕاپەڕینیش بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە، دەستی پێکردووە، هەروەها ئەو بەشەی کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت درێژییەکەی 24 کیلۆمەترە.

بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، دەشڵێت: لە سێ شوێن کار لە ڕێگەکە دەکەن، هەندێک شوێن نۆژەن دەکرێنەوە و  دواتریش قیڕتاو دەکرێن.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی کارەکان بە زووترین کات کۆتاییان پێبێت و ڕێگەکە بە کوالێتییەکی باشەوە بکەوێتەوە خزمەتی هاووڵاتییان.

ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و سلێمانی، یەکێکە لە ڕێگە هەرە ستراتیژی و قەرەباڵغەکانی هەرێمی کوردستان. نۆژەنکردنەوەی ئەم ڕێگەیە چەندین سوودی گرنگی دەبێت، لەوانە:

-کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەهۆی خراپی بەشێک لە ڕێگەکە، ساڵانە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویان دەدا، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی هاووڵاتییان.

-ئاسانکاری لە گواستنەوەی بازرگانی، ئەم ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لە نێوان شارەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment