گۆڕانكاری لە دەستەی كارگێری یانەی نەورۆز دەكرێت

نەورۆز مەشق و راهێنانەكانی راگرتووە.

ئارام بەختیار پەیامنێری كوردستان24 لە دەرەوەی یاریگەی نەورۆز باسی چارەنووسی یانەكە دەكات. 23 ئابی 2025 ـ سلێمانی
ئارام بەختیار پەیامنێری كوردستان24 لە دەرەوەی یاریگەی نەورۆز باسی چارەنووسی یانەكە دەكات. 23 ئابی 2025 ـ سلێمانی

یانەی نەورۆز مەشقەكانی راگرتووە و تا ئێستا وادەی گەڕانەوەی یاریزانان بۆ راهێنانەكان دیار نییە و پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاری لە سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەكە بكرێت.
رووداوەكانی 20ـی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی چارەنووسی یانەی نەورۆز بەرەو دۆخێكی نادیار بردووە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەن یانەكە بە زووترین كات لە كێشە سیاسییەكان دووربخرێتەوە و گۆڕانكاری خێراش لە بەشێك لە دەستەی كارگێری یانەكە بكرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییەی كە لە سەرچاوەی نزیك لە یانەی نەورۆز دەست كوردستان24 كەوتووە، پێشبینی دەكرێت یەكێك لە بەرپرسە باڵایەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەكو سەرۆكی فەخری یانەكە دەستنیشان بكرێت و گۆڕانكاریش لە بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەی نەورۆز دەكرێت.
كوردستان24 زانیاری دەستكەوتووە كە بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز ئاگادار كراوەتەوە لە پۆستەكەی بمێنێتەوە و بەڵێنی ئەوەش دراوە كە دۆخی دارایی یانەكە باشتر دەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، زەوییەكانی دەورووبەری یاریگەی یانەی نەورۆز یەكێك بوو لەو هۆكارانەی وایكردبوو كێشە سیاسییەكانی نێوان لاهور جەنگی سەرۆكی یانەی نەورۆز و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاڵۆزتر بكات، بەوپێیەی شارەوانی سلێمانی رێگەی نەدەدا یانەی نەورۆز سوود لە زەوییەكانی دەورووبەری یاریگە وەربگرێت و بیكاتە پرۆژەی بازرگانی.
یانەی نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق ستافێكی نوێی راهێنەرانی گواستووەتەوە، ئاراز یاسین، كوردێكی باكووری كوردستانە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرتووە و لە مێركاتۆی ئەم هاوینە 9 یاریزانی نوێیان گواستووەتەوە و دەستبەرداری 11 یاریزان بوونە و گرێبەستی 9 یاریزانیشیان نوێكردووەتەوە.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment