یانەی هەولێر هەڵبژاردنێكی دیكەی كرد
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش ئەو هەڵبژاردنەیە رەتدەكاتەوە

دەستەی كارگێری یانەی هەولێر هەڵبژاردنی تەواوكاری ئەنجام دا بۆ ئەوەی بە یاسایی ناوی سەفین یاسین وەكو سەرۆكی یانەی هەولێر لە لێژنەی ئۆڵمپی عێراق تۆمار بكەن، لە یەكەمین كاردانەوەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان ئەو هەڵبژاردنەیە ڕەتدەكاتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەمڕۆ شەممە، 23 ئابی 2025 دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بە ئامادەبوونی بەشێك لە ئەندامانی دەستەی گشتی یانەكە هەڵبژاردنی تەواوكاریان بۆ سەفین یاسین سەرۆكی ئێستای یانەی هەولێر كرد بۆ ئەوەی بە یاسایی وەكو سەرۆكی یانەكە بەردەوامی بە كارەكەی بدات، لە هەڵبژاردنەكە كەمتر لە 30 ئەندام ئامادەبوو كە زۆرینەی یاریزانانی یانەی هەولێر بوون.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند ئەو هەڵبژاردنە یاسایی نییە، بەوپێیەی بەشداریی بە بەرپرسی یەكەمی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان نەكراوە.
لە بەیاننامەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش نووسراوە: لە یەکێک لە هوتێڵەکانی هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایی یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18)ـی ساڵی 1988 و یاسایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە پێشێلکاری دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەو هەڵبژاردنە بەو شێوازەی كە كراوە بە هیچ شێوەیەك جێگای قبوڵکردن نییە و سەرلەبەری ئەم پرۆسەی ئەنجامدراوە باوەڕپێکراو نییە و رەتدەكرێتەوە.
لەبەیاننامەكەدا هاتووە، لە هەرێمی کوردستان، لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی وەرزشی، بەپێی یاسایی ژمارە (12)ـی ساڵی (2011)، ماددەی ( دووەم) لە بڕگەی (نۆیەم) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوكات بە پێی یاسایی دەستوری عێراقی مافی داوە بە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دامەزراوە وەرزشییەكان بكات.
بڕیاریشە سبەی یەكشەممە، لە كاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنە تەواوكارییەی یانەی هەولێر بكات.
