توێژینەوەیەکی کەنەدی: زۆر خواردنی خوێ دەبێتە هۆی هەوکردنی مێشک و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

توێژەرانی کەنەدی هۆشداری دەدەن خوێی زیادە مەترسی بۆ مێشک و پەستانی خوێن دروست دەکات

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی مەکگیڵ لە کەنەدا ئەنجامدراوە، بەڵگەی نوێ دەخاتەڕوو، خواردنی زۆری خوێ دەبێتە هۆی هەوکردن لە مێشکدا، ئەمەش کار دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەم دۆزینەوەیە، لە گۆڤاری زانستی "Neuron" بڵاوکراوەتەوە، تێڕوانینێکی نوێ بۆ هۆکارەکانی بەرزی پەستانی خوێن دەخاتە ڕوو و ڕەنگە ڕێگە بۆ چارەسەری نوێ خۆش بکات.

بەرزی پەستانی خوێن، یان هایپەرتێنشەن، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و ساڵانە بەرپرسە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 10ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم نەخۆشییە دوو لەسەر سێی ئەو کەسانە دەگرێتەوە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوەیە و زۆرجار هیچ نیشانەیەکی دیاری نییە.

بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکە، تیمەکە بە سەرپەرشتی ماشا پراگەر-کوتۆرسکی، مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی فیزیۆلۆژیای زانکۆی مەکگیڵ، خۆراکێکی دەوڵەمەند بە خوێیان بە مشک داوە، هاوتایە لەگەڵ خواردنی خۆراکە خێراکان وەک بیکن، نۆدل و پەنیرە پرۆسێسکراوەکان. توێژەران ئاویان بە مشکەکان داوە کە 2% خوێی تێدابووە تاوەکو شێوازی خۆراکی مرۆڤی هاوچەرخ لاسایی بکەنەوە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەم خۆراکە دەبێتە هۆی چالاکبوونی خانەکانی بەرگریی (مایکرۆگلیا) لە ناوچەیەکی دیاریکراوی مێشکدا، کە دەبێتە هۆی هەوکردن. ئەم هەوکردنەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی "ڤازۆپرێسین" (vasopressin)، کە بەرپرسە لە بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن. توێژەران بە بەکارهێنانی تەکنیکی پێشکەوتووی وێنەگرتنی دەماری و تاقیگەیی توانیویانە چاودێری ئەم گۆڕانکاریانە بکەن.

ماشا پراگەر-کوتۆرسکی ڕایگەیاند، "ئەمە بەڵگەیەکی نوێیە نیشانی دەدات بەرزی پەستانی خوێن دەکرێت لە مێشکەوە سەرچاوە بگرێت، ئەمەش دەرگا بۆ پەرەپێدانی چارەسەرگەلێک دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ کار لەسەر مێشک دەکەن". ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵی مێشک لەم نەخۆشییەدا تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خراوە، بەشێکی لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەری قورسترە.

ئەم توێژینەوەیە دیدگایەکی نوێ دەبەخشێت بە تێگەیشتن لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەرزی پەستانی خوێن، بەتایبەتی بۆ ئەو نزیکەی یەک لەسەر سێیەی نەخۆشان وەڵامی چارەسەرە ستانداردەکان نادەنەوە. دۆزینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەجیاتی تەنها گورچیلەکان و بۆرییەکانی خوێن، ڕەنگە مێشکیش ڕۆڵێکی سەرەکی لەم نەخۆشییەدا بگێڕێت.

 
Fly Erbil Advertisment