لیڤاندۆڤسکی رەخنە لە باڵۆن دۆر دەگرێت
"باڵۆن دۆر بووەتە خەڵاتێکی بازرگانی و سیاسی"

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا رەخنە لە شێوازی دیارییکردنی بەربژێرانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەگرێت، پێیوایە خەڵاتی "زەبێست" کە فیفا دەیبەخشێت زۆر دادپەروەرانەترە.
لیڤاندۆڤسکی یەکێکە لە بەربژێرانی بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، دەڵێت: "دەکرا چەند یاریزانێکی دیکە لەنێوان بەربژێران بن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، لە راستیدا نازانم کامەیان گرنگترە باڵۆن دۆر یان زە بێست".
یاریزانە پۆڵەندییەکە هێما بۆ ئەوەش دەکات "وایدەبینم خەڵاتی زە بێست کە لەلایەن فیفاوە پێشکەش دەکرێت، زۆر راستترە، بەڵام باڵۆن دۆر ئێستا زیاتر بووەتە خەڵاتێکی بازرگانی".
Nominated for the 2025 Ballon d’Or ⤵️@lewy_official@FCBarcelona@LaczyNasPilka#ballondor pic.twitter.com/qa4PPkI60B
— Ballon d'Or (@ballondor) August 7, 2025
لە وەڵامی پرسیارێکیش لەبارەی نەبردنەوەی باڵۆن دۆری وەرزی 2019-2020 کە ئەوکاتە لیڤا توانی سەرجەم نازناوەکان لەگەڵ بایرن میونشن بباتەوە و کۆمەڵێک دەسکەوتی تاکەکەسی بەدەستهێنا، دەڵێت "من لە باشترین سەردەمی یارییکردنم بووم و لەگەڵ یانەکەم هەموو شتێکم بردەوە، بەڵام هیچ کەسێک نازانێت بۆ ئەوکاتە خەڵاتەکەم پێنەدرا، پێموایە بەشێکی تۆپی پێیە و بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە'.
لیڤاندۆڤسکی (36 ساڵ) لەگەڵ بایرن میونشن لە 2020 شەش نازناوی لە یەک وەرزدا بردەوە، لەو وەرزەدا توانی 55 گۆڵ و 10 ئەسیست لە 47 یارییدا تۆمار بکات.
لەو ساڵەدا گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بە بیانوی کۆرۆنا ئەم خەڵاتەی هەڵوەشاندەوە، کە لیڤاندۆڤسکی نزیکترین بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە.