هەڵمەتێکی تەندروستیی گشتگیر لەسەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی تەندروستیی فراوانی بۆ سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێم ڕاگەیاند.

هاوکاریی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی

د. ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاشکرای کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی پاو، تۆڕی بندییەکان و بە چاودێری خاچی سووری نێودەوڵەتی، تیمێکی تەندروستیی کارا پێکهێنراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم تیمە ئەوەیە کە بتوانرێت لە ماوەی هەفتەیەکدا پشکنین بۆ سەرجەم سزادراوان لە هەموو چاکسازییەکان ئەنجام بدرێت و دەرمان و جلوبەرگیان بۆ دابین بکرێت. هەروەها ئامێری تایبەت بە پشکنینی پزیشکی، سۆنەر، پێوانەکردنی زەخت و شەکرەش بۆ بنکە تەندروستییەکانی ناو چاکسازییەکان دابین دەکرێت.

گوتیشی: "هیوادارین هەموو چاکسازییەکان سوودمەند بن لەم هەڵمەتە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێگومان کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام لە هەوڵداین بەهەموولایەک خزمەتێکی باش بگەیەنین. ئەمە سەرەتایەکە و دوابەدوای هەولێر، لە سلێمانی و دهۆکیش دەست پێدەکەین."

قۆناغ و بەردەوامیی هەڵمەتەکە

هەڵمەتەکە هەر شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و وەک سەرەتایەک بۆ هاوکاریی بەردەوامی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوەکان، پزیشکانی ددان، دەرمانسازان و کارمەندانی تەندروستی لێی دەڕوانرێت. د. ئیحسان ڕۆڵی بەرزی ئەو کەس و لایەنانەی نرخاند کە هاوکار و پاڵپشتی پڕۆژەکە بوون.

لای خۆیەوە، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هەڵمەتە تەندروستییەکەمان لە سنووری چاکسازییەکان دەستپێکرد، سەرەتا لە چاکسازیی نەوجەوانانەوە دەست پێدەکات."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو چاکسازییەکاندا بنکەی تەندروستی هەیە و کاری ڕۆژانەیان چارەسەرکردنی ئەو کەسانەیە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە. دلۆڤان محەممەد دڵنیاییدا کە زۆربەی پسپۆڕییە پزیشکییە پێویستەکان بەگوێرەی جۆر، تەمەن و ڕەگەزی سزادراوان لە چاکسازییەکاندا دابین کراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment