ئیڤان خالید نزیکە لە پەیوەندی کردن بە یانەی دیالە

ئیڤان خالید ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی و جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی قەڵا و منارە، نزیکە لە پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی دیالە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، دوای ئەوەی ئیڤان خالید گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی هەولێر نوێ نەکرایەوە، ئەو یاریزانە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی دیالە دەستی بە گفتوگۆ کردن کردووە و رەنگە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو، ئەستێرەکەی پێشووی قەڵا و منارە پەیوەندی بە یانە عێراقییەکەوە بکات.
ئیڤان لە کاروانی وەرزشی لە ریزی یانەکانی هەولێر و زاخۆ و نەفتی وەسەت و کارەبا یاری کردووە، وەرزی رابردووش دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی کارەبا، بڕیاریدا بگەڕێتەوە یانەی هەولێر و بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە درێسی ئەو یانەیەی لەبەر کردەوە.