پێشبینی سەركەوتنی گەورەی یاریزانە نوێیەكانی ریال مەدرید دەكرێت
عەقڵی هۆیسن لە تەمەنی گەورەترە

یانەی ڕیال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری نوێدا، تا ئێستا چوار یاریزانی نوێی لە مێركاتۆی ئەم هاوینەدا گواستووەتەوە، بە سەرجەمیان ریال مەدرید نزیكەی 139 ملیۆن پاوەندی بۆ ئەو چوار یاریزانە خەرج كردووە، بەڵام هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێی ئاستێكی باشتر لە یاریزانە نوێیەكانی ریال مەدرید دەكەن، بەوپێیەی بەشێكیان هێشتا نەیتوانیوە ببنە جێگەی رەزامەندی راهێنەری شایانەكان.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سپۆرت مۆڵ، یانەی ڕیال مەدرید نزیکەی 139.8 ملیۆن پاوەندی خەرجکردووە بۆ گواستنەوەی هەریەکە لە هویسن، ئارنۆڵد، کارێراس و ماستانتانۆ.
بەپێی ئەم راپۆرتەی لە (مێركاتۆ ئای ئایدا) هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە، تێیدا پێشبینی سەركەوتنی گرێبەستەكانی ریال مەدرید دەكات.
تریند ئارنۆڵد
پرسیار لە AI کرا سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەو یاریزانە ئینگلیزییە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو:
چەند هۆکارێک هەن کە وادەكات ئەو یاریزانە لە كورترین ماوە خۆی زیاتر بگونجێنێت و ببێتە جێگەی رەزامەند راهێنەر و هاندەرانی یانەكە، هۆكارەكانیش پێكهاتوون لە ئەزموونێكی گەورەی لە ئەورووپا و لە پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ لیڤەرپوول هەیە، جگە لەوەش یاریزانەکە لەگەڵ پاڵەپەستۆی یارییە گەورەكان راهاتووە، ئەمەش ئەم تایبەتمەندییە کە ڕیاڵ مەدرید بەدوایدا دەگەڕێت. لە لایەكی دیكەیشەوە ئارنۆڵد لەڕووی هێرشبەریشەوە كوالیتییەكی باشی هەیە و یەکێکە لە باشترین فۆڵباکەکانی هێرشبەری جیهان، ئەمەش بەهۆی پاسە یەکلاکەرەوەکانی و کرۆسەکانی و توانای دروستکردنی یاری لە پشتەوە.
بوونی ئارنۆڵد دەتوانێت کاریگەری ڤینیسیۆس یان ڕۆدریگۆ لە لای ڕاست زیاد بکات. ئارنۆڵد تاكتیكێكی نەرمی هەیە و دەتوانێت وەک بەرگریکاری ڕاست یان یاریزانی سێیەمی ناوەڕاست یاری بکات، ئەمەش لەگەڵ شێوازی هەمەچەشنی یاریکردنی ئالۆنسۆ دا دەگونجێت.
بەڵام ئاستەنگ هەیە کە ڕەنگە ئارنۆڵد ڕووبەڕووی ببێتەوە، وەک لاوازی بەرگری، كاتێكیش لە لیڤەرپوول بوو ڕەخنەی زۆری لێدەگیرا بەهۆی خراپی ڕووماڵکردنی بەرگری و نەبوونی خێرایی و زیرەكی لە جێبەجێكردنی لێدانەكانی سزا.
لە کۆتاییدا سەرکەوتنی ئارنۆڵد لەگەڵ ڕیال مەدرید پەیوەستە بە گەشەسەندنی بەرگری و ئامادەیی ئالۆنسۆ بۆ جێگیرکردنی ئارنۆڵد و دەرفەت پێدانی بۆ ئەوەی بتوانێت ڕکابەری لەگەڵ هاوڕێ دێرینەکەی کە دانی کارڤاخالە.

دین هویسن
پرسیاری دووەم لە AI كرا لەبارەی سەرکەوتنی ئەو یاریزانە ئیسپانییە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو:
ڕێژە و ئەگەرەكانی سەرکەوتنی هویسن زۆرە، بەڵام 100% گەرەنتی نییە. یاریزانەکە تەمەنی تەنها 20 ساڵە، بەڵام لەڕووی خوێندنەوەی یاریی زۆر زیرەك و بەهرەمەندە، لەمڕووەوە كوالیتییەكی دەگمەنی هەیە، چونکە بەرگریکارە گەورەکانی وەک ڤان دایک یان ڕوبێن دیاز دوای تەمەنی 24 ساڵی گەیشتنە ئەم ئاستە.
شێوازی یاریکردنی هویسن بۆ سەردەمی نوێی ڕیال مەدرید گونجاوە. بەوپێیەی ریال مەدرید بەوە ناسراوە لە پشتەوە دەست بە بیناسازی هێرش دەكات، هویسنیش لەژێر فشارەكاندا شارەزایە لە پاسە درێژ و کورتەکاندا.
بەڵام هویسن ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی توند دەبێتەوە لەلایەن ئەنتۆنیۆ ڕودیگێر و دەیڤد ئالابا. ئەگەر هویسن لە وەرزی یەکەمدا زیاتر لە 25 یاری ئەنجام بدات، ئەوا لە وەرزی دووەمدا دەبێتە پایەی سەرەکی و لە ماوەی سێ ساڵدا دەبێتە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی ئەوروپا.
بەڵام ئەگەر کەمتر لە 15 یاری ئەنجام بدات، تووشی پێکانێکی درێژخایەن بوو، یان متمانەی ڕاهێنەرەکەی لەدەست بدات، ئەوا یان دەچێتە دۆخێك كە بەخواستن بدرێتە یانەیەكی دیكە، یان ماوەیەکی درێژتری پێویست دەبێت بۆ ئەوەی خۆی لە بێرنابیۆ بسەلمێنێت.

ئەلڤارۆ کارێراس
پرسیار لە AI کرا سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەو فۆڵباکە ئیسپانییە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو:
کارێراس، خاوەنی بەهرە و بیرکردنەوەی هێرشبەری و بەرگرییە، گونجاوە بۆ هەر پێکهاتەیەکی مۆدێرن کە لەسەر شێوازی هێرشی پێچەوانە یان بە پلانی سێ یاریزانی پشتەوە بێت.
ڕیال مەدرید لەو شوێنە زۆر كێشەی هەبوو، زۆر پێویستی بە کارێراس هەبوو، چونکە پێگەی بەرگریکاری چەپ لە دوای دابەزینی ئاستی فێرلاند مێندی ناجێگیر بووە، جگە لەوەش فران گارسیا نەیتوانیوە لە یارییە گەورەكاندا متمانە راهێنەری ریال مەدرید بەدەستبهێنێت.
بەڵام کارێراس دەبێت خۆی لە هەڵەی گەمژانە بەدوور بگرێت بۆ ئەوەی لە سەرەتای ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ مێرێنگێ ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تا متمانەی پێویست بەدەست دەهێنێت.
لە کۆتاییدا کارێراس، یاریزانێکی گەنجە و خاوەنی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە کە دەتوانێت كارێك بكات هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید مارسێلۆی ئەفسانەیی بیربخاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز.

فرانكۆ ماستانتونۆ
دوایین پرسیار لەبارەی ئەگەری سەركەوتنی ماستانتانۆ لە AI کرا وەڵامەکەی بەم شێوەیە بوو:
ماستانتانۆ توانایەکی سەرنجڕاکێشی بۆ یاریکردن هەیە، ئەو زۆر بە لێزانی خۆی لەژێر فشار رزگار دەكات و بڕیاری خێرا و مامەڵەی ژیرانە لە شوێنە سەختەكانی یاریگە دەكات.
ماستانتانۆ، ئەگەرچی تەمەنی 18 ساڵە، بەڵام هۆشیارییەكی بەرزی تاكتیكی هەیە و لەمڕووەوە بیركردنەوەی زۆر لە تەمەنی گەورەترە.
بەڵام ڕەنگە ئاستی دەروونی ماستانتونۆ دابەزێت ئەگەر دەرفەتی تەواو بۆ یاریکردن وەرنەگرێت. بۆیە پێویستە یاریزانەکە زیاتر لە یارییەکاندا دەربکەوێت، تەنانەت وەک یاریزانێکی یەدەگیش، دەبێت لە یارییە گەورەکاندا خۆی بسەلمێنێت.
