لە سۆران کەسێک دەستگیرکرا زیاتر لە 130 بوتڵی غازی ماڵانی بردووە

پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند، ئەو کەسەی بوتڵی غازی ماڵانی دەبرد دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆلێنەوەی بۆ کراوەتەوە، کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 130 بوتڵە گازی بردووە.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاووڵاتیەک بەناوی 'ع . ع . ع' کە بریکاری غازی ماڵانە ماوەی شەش ساڵە کەسێک بەناوی 'ب . ع . م' ناسراو بە 'ب' وەک شوفێری ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غازی ماڵان کاری لا دەکات، بەڵام کرێکارەکە ئەو هەلەی قۆستۆتەوە کەوا بوتڵی غازی لە ماڵان وەرگرتووە و پارەشی لێوەرگرتوون و گوتوویەتی دواتر بوتڵی غازەکانتان بە پڕ کراوی بۆ دەگەڕێنمەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو تۆمەتبارە بەو جۆرە زیاتر لە 130 بوتڵی غازی لە هاووڵاتیان و بریکاری غازەکەی دزیووە، بۆیە تۆمەتبار دەەستگیر کراو لە بنکەی پۆلیسی دیانا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە و دادوەری لێکۆڵینەوەشی لێ ئاگادار کرایەوە.