لە راپەڕین شوانی مه‌ڕ و ماڵات دەست ناكەوێت؛ "کەس ئامادە نییە ئەم کارە بکات"

پیشەی شوانی، کە پیشەیەکی دێرین و پیرۆزە و لە مێژوودا پیشەی پێغەمبەران بووە، لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی گەورە بووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی شوانەکان کەم دەبێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانی بۆ ئاژەڵداران کە ناچارن خۆیان یان منداڵەکانیان ئەرکی لەوەڕاندن و سەرپەرشتیکردنی مەڕ و ماڵاتەکانیان بگرنە ئەستۆ.

ئاژەڵداری یەکێکە لە کەرتە گرنگەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی بژێوی ژیانیان لەسەریەتی. هەرچەندە جوگرافیا و ئاووهەوای کوردستان بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ گونجاوە، بەڵام ئەم کەرتە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پاشەکشەی کردووە.

 

کەمبوونەوەی شوانەکان، کێشەیەکی گەورەی ئاژەڵداران

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم ئاژەڵداران، نەبوونی شوانە. خدر ڕەسووڵ، یەکێک لە ئاژەڵدارەکان، باس لەوە دەکات کە لە بنەماڵەیەکی ئاژەڵداردا لەدایک بووە و هەر لە منداڵییەوە کاری شوانی کردووە. ئەو دەڵێت: "خەڵکی ئێستا شوانی ناکەن، ئەمەش کاری ئێمەی قورستر کردووە و ناچارین خۆمان ببینە شوان."

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی شوانەکان زۆرن، لەوانە سەختیی کارەکە و کەمیی ئەو مووچەیەی کە لە بەرانبەردا وەریدەگرن. خدر ئاماژەی بەوەدا کە تەنانەت ئەگەر مووچەی مانگانەی شوانێک 250 هەزار دیناریش بێت، کەس ئامادە نییە ئەو کارە بکات.

 

ئاژەڵداری لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا

مێژووی ئاژەڵداری لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و وەک شادەماری ئابووری هۆزە کوردییەکان دادەنرا. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی مەڕ و مانگا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7 ملیۆن سەر بووە، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 4 ملیۆن و 750 هەزار سەر مەڕ و بزن لە هەرێمدا هەن. ئەم ژمارەیە سەرەڕای زۆری، هێشتا بەشی پێداویستی ناوخۆیی بۆ گۆشتی سوور ناکات و هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئەو خواستە، پشت بە هاوردەکردنی گۆشت دەبەستێت.

 

ڕۆژانەی ژیانی شوانێک

محەممەد شێخە، گەنجێکی شوانە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە ئەم کارە دەکات. ئەو باس لە ڕۆژانەی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: "بەیانیان کاتژمێر 05:00 هەڵدەستین، دوای نانخواردن مەڕەکان دەبەین بۆ لەوەڕاندن. نزیکی کاتژمێر 10-11ی بەیانی دەیانگەڕێنینەوە بۆ دۆشین و پشوودان تا کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ، دواتر دیسان دەیانبەینەوە بۆ لەوەڕین تا ئێوارە."

محەممەد ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک مەڕ و ماڵاتەکەی تێر و تەسەلن، هەستێکی خۆشی هەیە و ماندووبوونی لەبیر دەچێت، وەک ئەوەی خۆی تێر بووبێت.

وشکەساڵی و کەمئاوی

جگە لە کەمبوونەوەی شوانەکان، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی لەوەڕگاکانیش کێشەیەکی دیکەی بەردەم ئاژەڵدارانە. ئەمەش وایکردووە کە کاری ئاژەڵداری سەختتر بێت و خەرجییەکانیان زیاتر بێت.

لەگەڵ هەموو ئەم کێشانەشدا، ئاژەڵداران بەردەوامن لە کارەکەیان و هەوڵدەدەن ئەم کەرتە گرنگە ببوژێننەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی چەندین پڕۆژەوە هەوڵی داوە پاڵپشتیی ئاژەڵداران بکات و ئەم کەرتە بەرەوپێش ببات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment