وادەی دەستپێكی خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریكرا

كاتی بەڕێوەچوونی جامی سووپەری عێراقیش دەستنیشان كرا

ئاهەنگێرانی یاریزانانی نەورۆز دوای بردنەوەیان لە یارییەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2024 ـ 2025
ئاهەنگێرانی یاریزانانی نەورۆز دوای بردنەوەیان لە یارییەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2024 ـ 2025

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی لالیگای ئیسپانیا وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین گەڕی خولی ئەستێرەكانی عێراقیان دیاری كرد و بڕیاریش درا یاریی جامی سووپەری عێراق لە نێوان پاڵەوانی جام و پاڵەوانی خول بەشێوازی یەك یاریی بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25 ئابی 2025، بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بریار درا رۆژی 12ـی مانگی داهاتوو ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە ئامادەبوونی خاڤێر تێباس سەرۆكی ئەنجوومەنی لالیگا ساز بكات، رۆژی دواتریش كە دەكاتە 13/9/2025 بە فەرمی یەكەمین گەڕی دەستپێكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە بۆ یەكەمجار لە مێژووی خولەكانی عێراق، یارییەكانی خولەكە لە رۆژی 28/5/2026 كۆتایی دێت، بەمەش خولەكە رزگاری دەبێت لەوەی پێی بگوترێت درێژترین خولی جیهان.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بە فەرمی بیرۆكەی بەڕێوەچوونی جامی سووپەری عێراق لە نێوان شەش یانە بۆ ئەم وەرزە هەڵوەشایەوە و بڕیار درا پێش دەستپێكی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، جامی سووپەر لە نێوان دهۆكی پاڵەوانی جامی عێراق و شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment