عه‌بدولخالق محەممەد: لەسەر داوای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کونسوڵخانەکان ژمارەیەک پارک دروست دەکەن

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیازیی دروستکردنی ژمارەیەک پارک دەداتە کونسوڵخانەکان بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان هەبێت .

عه‌بدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دروستکردنى دارستانێکى گەورەى تایبەت بە ناوى دارستانى کونسوڵگەرییەکان لە شارى هەولێر، بیرۆکەیه‌کە لەلایەن سەفین دزەیى، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ پێشنیاز کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش قسە لەگەڵ وەزارەتى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ دروستکردنى دارستانى کونسوڵگەرییەکان.

عه‌بدولخالق محەممەد هەروەها گوتی: زەوییەکە شوێنى بۆ دیارى کراوە، بەڵام پێویستى بە بەدواداچوونى زیاتر و دیزاینى باشتر هەیە، بۆ ئەوەى ڕێکارەکانى دروستکردنى بگیرێتەبەر، بڕیار وایە پەیوەندى بە کونسوڵگەرییەکان بکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو کونسوڵگەرییانە ئامادەن بەشدارى لەم پرۆژەیە بکەن.

عەبدولخالق محەممەد، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە بیرۆکەی دروستکردنی دارستانی کونسوڵگەرییەکان بۆ سەوزکردنی زیاتری هەرێمی کوردستانە.

لەبارەی ئەو کونسوڵگەرییانەی بڕیاریانداوە لە دروستکردنی پارک هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، عه‌بدولخالق محەممەد گوتیشی، یەکێک لەوانە کونسوڵخانەی چینە کە بڕیاری داوە حەوت پارک لە هەولێر دروست بکات، ئێستاش پارکێک بە هاوکاری ئەوان تەواو کراوە.

ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە چوارچێوەى هەوڵەکانی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەگەڵ کونسوڵگەرى و نێردەى وڵاتان و نوێنەرایەتییەکان بۆ ئەوەى هەنگاوێک بێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نه‌رێنییه‌کانی ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە کەشوهەوا ڕووی داوە و ببێتە هۆی زیادکردنى ڕێژەى سەوزایى لە هەرێمى کوردستان.

پارکی چینی  لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی چینەوە لە هەولێر دروستکراوە، لەسەر ڕووبەری 11 هەزار مەتر دووجا ، زیاتر لە نۆ هەزار مەتری بە سەوزایی ڕووپۆشکراوە، لەسەر شێواز و کلتوری چینی دروستکراوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment