ئەمڕۆ لە ڤییەننا دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتە زلهێزەکە، دەستپێدەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، دانوستانەکانی نێوان ترۆیکای ئەورووپی (بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) و ئێران لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە ڤییەننا پایتەختی سویسرا دەستپێدەکات، ئەم گەڕەی دانوستانەکان لە کاتێکدایە هەردوولا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.
وڵاتانی ئەورووپی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە "میکانیزمی سناپباک" چالاک دەکەنەوە، ڕێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات ئەگەر ئێران پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکات. لە بەرامبەردا، تاران جەختی لەسەر مافی خۆی بۆ دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆم کردووەتەوە و هەڕەشەکانی ئەورووپای بە "یارمەتیدەر" نەزانیوە.
چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، هەردوولا لێدوانی توندیان دژی یەکتردا. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەورووپا هیچ یارمەتییەک بە پڕۆسەکە ناگەیەنێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕۆڵی ئەورووپا لە دانوستانەکاندا لە ژیانییەوە بۆ وێرانکاری گۆڕاوە."
لەلایەن خۆیانەوە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، ترۆیکای ئەورووپی ئەم دانوستانانە بە "دوا دەرفەت بۆ ئێران پێش سەپاندنەوەی سزاکان" دەزانن. هەمان سەرچاوە گوتیشی، "پەنجەرەی کراوە بەڕووی ئێراندا دادەخرێت و ئێستا هیچ شتێک لەبەردەم سەپاندنەوەی سزاکاندا نییە."
دیپلۆماتکارە فەرەنسییەکە جەختی لەوەش کردەوە، سەپاندنەوەی سزاکان پێویستی بە کۆدەنگی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش نابێت.
ئێران، هەڵوێستێکی ناڕوونی لە بەرانبەر ئەم پێشنیازەدا ڕاگەیاندووە. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، بە تەلەفۆن پەیوەندیی لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی و نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، کردووە، بەڵام وەڵامێکی ڕوونی بە پێشنیازەکەی ئەورووپییەکان بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 نەداوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، عراقچی لە کاردانەوەی بەرانبەر دووبارەکردنەوەی بیرۆکەی لایەنە ئەورووپییەکان بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 بە مەبەستی ڕەخساندنی کاتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی، ڕایگەیاندووە "ئەمە بڕیارێکە کە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بیدات و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا هەڵوێست و دیدگای بنەڕەتیی خۆی لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام ناچێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە."
بەڵام عەلی لاریجانی، سکرتێری نوێی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، هەڵوێستێکی ڕوونتری گرتووەتە بەر و ڕایگەیاندووە، ئێران درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 قبووڵ ناکات. لاریجانی گوتوویەتی "هەندێک وڵات ئەو پێشنیازەیان کردووە، بەڵام ئێران باوەڕی پێی نییە؛ واتە پێیوایە ئەمەش دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی پێشووە و هیچی تازەی تێدا نییە! ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەبوو کە دەبوو لە ماوەی 10 ساڵدا کۆتایی پێ بێت؛ چیتر ناکرێت دووبارە ماوەکەی درێژ بکەنەوە. ئێران بەڕاستی ئەمە قبووڵ ناکات. هەرچەندە هەندێک کەسیش لە ناوخۆدا گوتوویانە: باشە، با ئەم شەش مانگە قبووڵ بکەین؛ بەڵام بە گشتیی، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین."