چین.. بۆ یەکەم جار نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی بەراز بۆ مرۆڤ کرا

بۆ یەکەم جارە لە جیهان، زانکۆی پزیشکی گوانگچۆ لە چین، دوای دەستکاریی بۆماوەیی، سەرکەوتووبوون لە چاندنی سییەکانی بەراز بۆ مرۆڤ، بەڵام ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی تەندروستی بوونەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی گۆڤاری “Nature Medicine” سییەکانی بەرازێکیان بۆ نەخۆشێک چاند کە مێشکی لەکار کەوتبوو، تەنیا لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە هەناسەی دەدا، سییە چێندراوەکە تاوەکوو نۆ ڕۆژ توانی بەرگە بگرێت و کرداری هەناسەدانێکی ئاسایی بکات.
توێژەرەکان ناچاربوون دەستکاریی بۆماوەیی سیی چەپی بەرازەکە بکەن بەر لەوەی لە جەستەی نەخۆشەکەدا بیچێنن.
سییە چێندراوەکە تاوەکوو 216 کاتژمێر، واتە نۆ ڕۆژ لەکارکردن بەردەوام بووە، ئەمەش بە گوتەی زانایان هەنگاوێکی زۆر گرنگە لە بواری چاندنی ئەندامانی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ.
گۆڤارەکە، سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیەی بە ڕێگەیەک بۆ پشتبەستن بە ئەندامانی جەستەی ئاژەڵان کە "لەڕووی بۆماوەییەوە دەستکاریکراون" بۆ چاندنەوە و پەیوەندکردنی بە مرۆڤ و چارەکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی جیهانی بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبردووە.
هەروەها ئاماژەیانداوە، ڕێگاکە هێشتا زۆری ماوە بۆ ئەوەی بگەن بە ئاستی سەرکەوتنی تەواو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەم کردارە هەیە، هۆکارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو ئاستەنگە زۆرانەی لەبەردەم چاندنەوەکەدا هەن، گرنگترینیان دەردانی بەرزی خوێن و ئەگەری هێرشی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤە بۆ سەر سییە چێندراوەکە.