شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشبینى دەکرێ درەنگانى ئەمشەو تۆزێکى سووک ڕوو لە ناوچەکانی کوردستان بەتایبەت ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باشوورى هەرێم و گەرمیان بکات.
گوتیشی: پێشبینى دەکرێ خۆڵبارینەکە بۆ سبەى بەیانى ڕۆژى چوارشەممە زیاتر بێت، مەودای بینی (5-7) کم دەبێت، هاوکات پلەکانى گەرماش 1 تا 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی، بە کوردستان24ـی گوت: پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەو شەپۆلێکی خۆڵبارین کە سەرچاوەکەی سنووری عێراق و سووریایە بگاتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، دواتر بەشێوەی لاواز بۆ مامناوەند دەگاتە دەشتی هەولێر و گەرمیان و کەرکووک و خورماتوو و سلێمانی.
ئاماژەی بەوەش دا، کاریگەریی خۆلبارینەکە تاوەکوو شەوی سبەی چوارشەممە، 27-8-2025، بەردەوام دەبێت، بەڵام بەرەبەیانی پێنجشەممە کۆتایی دێت. دەشڵێت: خۆڵبارینەکە زیاتر کاریگەریی لەسەر گەرمیان و کەرکووک و خورماتوو دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 41 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 41 پلەی سیلیزی
دهۆک : 40 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 41 پلەی سیلیزی
سۆران : 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 34 پلەی سیلیزی
گەرمیان 45 پلەی سیلیزی