شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشبینى دەکرێ درەنگانى ئەمشەو تۆزێکى سووک ڕوو لە ناوچەکانی کوردستان بەتایبەت ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باشوورى هەرێم و گەرمیان بکات.

گوتیشی: پێشبینى دەکرێ خۆڵبارینەکە بۆ سبەى بەیانى ڕۆژى چوارشەممە زیاتر بێت،  مەودای بینی (5-7) کم دەبێت، هاوکات پلەکانى گەرماش 1 تا 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی، بە کوردستان24ـی گوت: پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەو شەپۆلێکی خۆڵبارین کە سەرچاوەکەی سنووری عێراق و سووریایە بگاتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، دواتر بەشێوەی لاواز بۆ مامناوەند دەگاتە دەشتی هەولێر و گەرمیان و کەرکووک و خورماتوو و سلێمانی. 

ئاماژەی بەوەش دا، کاریگەریی خۆلبارینەکە تاوەکوو شەوی سبەی چوارشەممە، 27-8-2025، بەردەوام دەبێت، بەڵام بەرەبەیانی پێنجشەممە کۆتایی دێت. دەشڵێت: خۆڵبارینەکە زیاتر کاریگەریی لەسەر گەرمیان و کەرکووک و خورماتوو دەبێت. 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 41 پلەی سیلیزی 

سلێمانی : 41 پلەی سیلیزی

دهۆک : 40 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی 

زاخۆ : 42 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 41 پلەی سیلیزی

سۆران : 40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 34 پلەی سیلیزی

گەرمیان 45 پلەی سیلیزی

 

 
 
Fly Erbil Advertisment