بازاڕەکانی زاخۆ ڕێکدەخرێتەوە و سیکیوریتی بۆ دادەنرێت

پێشتر لەناو بازاڕی زاخۆ، هەرکەسێک یان هەر کۆمپانیایەک بە ئارەزووی خۆی پاسەوانی لەبەردەرگاکەی دادەنا، بەڵام ئێستا ئەو کارە بەتەواوی ڕێکخراوەتەوە، کۆمپانیای تایبەت هەن کە کاری سیکیوریتی و پاسەوانی وەردەگرن، لە زاخۆ تۆمارکراون و هەرکەسێک بیەوێت پاسەوان دابنێت، دەبێت لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی زاخۆ بێت. 

موقەدەم ئەحمەد ڕەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەستپێکی پرۆژەی ڕێکخستنەوەی سیکیوریتی لە شوێنە بازرگانییەکانی زاخۆ، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی زاخۆش هاوشێوەی شارە پێشکەوتووەکان بێت، ئەمە پڕۆژەیەکی نوێ نییە و پێشتریش کارمان لەسەر کردووە، گوتیشی: پێشتر پاسەوانی شەوانەمان هەبوو کە پێیان دەگوترا "حەرەس لەیلی"، بەڵام لەو کاتەدا هیچ ڕێنماییەک لەلایەن ئێمەوە بۆ ئەو پاسەوانانە جێبەجێ نەدەکرا، چونکە زۆربەیان تەمەنیان گەورە بوو، مەرجەکانی کاری سیکیوریتییان تێدا نەبوو.

گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ دەشڵێت: زۆرجار بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەردانی ئەو پاسەوانەی شەوانەیان دەکرد، چەکەکانیان مۆڵەتی نەبووە و لای ئێمە تۆمار نەکرابوون. هەروەها پاسەوانێک بەرپرسیارێتی چەندین دووکانی وەردەگرت، بۆیە هەوڵماندا ئەم کارە ڕێکبخەینەوە و پاسەوانی شەوانە بگۆڕین بۆ پاسەوانی 24 کاتژمێری.

گوتیشی: ئێستا کۆمپانیایەک ئەم ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ و لە بواری جێبەجێکردندایە لە ناو بازاڕی زاخۆ، وەک  پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، کۆمەڵگاکانی بازرگانی و بازاڕی سەوزەفرۆشان. هەروەها کۆمپانیا ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی پۆلیسدان و بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن.، مەرج دانراوە بۆ ئەو کەسانەی کە کاری سیکیوریتی دەکەن، بۆ نموونە نابێت پێشینەی تاوانیان هەبێت.

موقەدەم ئەحمەد ڕەمەزان جەختی کردەوە، بەپێی ڕێنماییەکان، سێ مەرجی سەرەکیمان هەیە، یەکەم، تەمەنی کارمەندی کۆمپانیای ئەمنی دەبێت لە نێوان 21 بۆ 50 ساڵیدا بێت، دووەم، توانای جەستەیی هەبێت، سێیەم، خاوەنی ڕابردوویەکی پاک بێت. هەرکەسێک ئەم مەرجانەی تێدا بێت، دەتوانێت بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کار بکات.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment