تەندروستیی دهۆک: لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونی هاووڵاتییانی خواردنگەیەک بەردەوامە

گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند: بەدواداچوون لە ژەهراویبوونی ئەو هاووڵاتییانەی لە خواردنگەکەی دهۆک بەردەوامە و خاوەنەکەی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

مەتین جەمیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک، ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی خواردنگەکەی دهۆک بەردەوامە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس تووشی ژەهەراویبوون بوون، بەهۆیەوە خواردنگەکە لەلایەن لێژنەکانەوە داخراوه‌ و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، تەندروستیی سەرجەم ژه‌هراویبووه‌كان باشە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، بەڵام بەدواداچوون لەسەر ڕووداوەکە و ئەو کەسانەی تووشی ژەهراویبوون هاتن بەردەوامە، بۆ ئەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها یەکەمجارە حاڵەتێکی لەمشێوەیە لە سنوورەکە ڕوو بدات. ڕوونیشی كرده‌وه‌، لەنێو ئەو کەسانەی ژەهەراویبوون ، ئافرەت و منداڵیشی تێدایە.

ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، لە یەکێک لە خواردنگه‌کانی دهۆک زیاتر لە 150 کەس ژەهراوی بوون و بەهۆیەوە لێژنەکانی قایمقامییەت خواردنگه‌كه‌یان داخست.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment