ئومێد خۆشناو: لە 95%ـی كارەكانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر تەواو كراون

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، پێشبینی دەکەن ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی بکەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئێستا لە 95%ـی کارەکان تەواو کراون.

پارێزگاری هەولێر گوتی: ڕۆژانی هەینی وەک تاقیکردنەوە، ڕێگە بە گەشتیاران دەدەین سەردانی قەڵا بکەن و پێشبینی دەکەین لە ماوەکانی داهاتوو هەزاران گەشتیار سەردانی قەڵا بکەن و ببێتە پێگەیەکی گرنگی گەشتیاری لە ناوچەکە دا.

ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا، قۆناغی یەکەمی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵا کۆتاییان دێت. هەوەرها بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە.

پێشووتریش، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەوەکالەت، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و لەدوای تەواوبوونی مزگەوت و کرانەوەی قەڵا بەڕووی سەرادنیکەران نوێژخوێنان دەتوانرێت سەردانی بکرێت، هەروەها لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرد ڕێژکردنی شوێنی تۆپەکەی سەر قەڵا تاوەکوو شەقامی قیرتاوکردنەکە دەست پێدەکرێت. 

لە ساڵی 2014 ـەوە قەڵای هەولێر لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی جیهانی دەستنیشان کراوە، قەڵاکە ماستەرپلانی بۆ دیزاین کرا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment