ئالۆنسۆ یاسایەكانی ئانچیلۆتی شكاند
ئالۆنسۆ لە ژووری جلگۆڕین هەمووانی تووشی شۆك كردووە

چابی ئالۆنسۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید لە دەستپێكی ئەم وەرزە چاوی سووری خۆی پیشانی هەموو ئەستێرەكانی مێرێنگی دا، كۆتایی بە پێكهاتە جێگیرەكەی ئانچیلۆتی هێنا.
یانەی ڕیال مەدرید لە دووەمین یاریی لالیگا توانی ببە ئەنجامی 3 گۆڵی بێوەڵام شكست بە یانەی ئۆڤیێدۆ بێنێت و شانبەشانی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا هەریەكەیان بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ، گەیشتە لوتکەی لالیگا.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، ئەلۆنسۆ هیچ کاتێکی بەفیڕۆ نەداوە و دەستی لەسەر هەموو خاڵە بەهێز و لاوازەكانی یانەكە داناوە و پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ یاریزانەكان دروست كردووە و هەمووانی ئاگادار كردووەتەوە كە هیچ یاریزانێك یەكلایی نەبووەتەوە كە لە پێكهاتەی سەرەكییە، بەڵكو بەگوێرەی ئاست و دۆخی یارییەكان بڕیار لەسەر پێكهاتەكە دەدات.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ئەو گۆڕانکارییانەی ئالۆنسۆ كردوویەتی لەڕووی ئیداری و پێكهاتەشەوە بەتایبەتی لە یاریی رابردوو بە تەواوەتی یاریزانانی ژووری جلگۆڕینی ڕیال مەدریدی شۆك كردووە، بەڵام کاردانەوەکان ئەرێنی بوون و هیچ یاریزانێك نەیتوانیوە بوێری ئەوە بكات ناڕەزایی دەرببڕێت.
ڕۆژنامەکە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئەلۆنسۆ یاسایەکی داناوە کە هیچ یاریزانێک گەرەنتی شوێنێکی لە پێکهاتەکەدا نییە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە سەردەمی پێشوو، بەوپێیەی کارلۆ ئانچیلۆتی، بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لە پاراستنی پێکهاتەی جێگیری ریال مەدرید كردووە.
لە یارییەکەی ئۆڤیدۆدا، ئالۆنسۆ چوار گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەدا کرد، کارڤاخال، ئەنتۆنیۆ ڕودیگێر، ڕۆدریگۆ و فرانکۆ ماستانتانۆ لە پێكهاتەی سەرەكی بوون، ئارنۆڵد، میلیتاو، ڤینیسیۆس و برایم دیاز لەسەر کورسی یەدەگ بوون.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیدارەی یانەی ریال مەدرید زۆر دڵخۆشبوون بەشێوازی كاركردنی ئێستای ئالۆنسۆ و پێشوازییان لەو گۆڕانكاری و بڕیارانە كردووە، بەوپێیەی بڕیارەکانی ئالۆنسۆ تەنیا تاکتیکی نەبووە، بەڵکو پەیامێکی بەهێزە بۆ یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید کە پێویستە ململانێ لەسەر پێكهاتەی سەرەكی بكەن ئەگەرنا چارەنووستان كورسی یەدەگە.


