وەزارەتی تەندروستی بە مەرج ڕێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بڕینی گەدە دەدات

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە و نەشتەرگەرییە گەورەکانی بواری جوانکاری بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی تەندروستی 'ڕێگەپێدراو نین'، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیان پێکهێناوە و ئەوان بڕیاری ڕێگەپێدان دەدەن.
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەمەودوا نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە و نەشتەرگەرییە گەورەکانی بواری جوانکاری، بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی تەندروستی ئەنجام نادرێن. لیژنەمان پێک هێناوە، دەبێت نەخۆشەکە لە ڕووی تەندرووستییەوە پێویستی بەو نەشتەرگەرییە بێت و کەسوکاریشی ئامادە بن، پاشان ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی دەدرێت."
سەرکار سورچی گوتیشی: ڕێگە بە هیچ سەنتەر و کلینکێک نادەین ئەو نەشتەرگەرییە بکات، وەکوو وەزارەتی تەندروستی چەند نەخۆشخانەیەکمان بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە و هەرکەسێک سەرپێچی بڕیارەکان بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
سەبارەت بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی خستەڕوو "سەرەتا نەخۆشەکە دەبێت سەردانی وەزارەتی تەندروستی بکات، پاشان لیژنەی بۆ دادەنرێت و بەدواداچوونی ورد بۆ نەخۆشەکە دەکەین و دکتۆرێکی دەروونی بۆ نەخۆشەکە دیاری دەکرێت، ئەگەر نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەرگەری نەبوو، ڕێگەی پێنادرێت."
لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە، چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد، وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە قەدەغە بکات و ڕێگەنەدات لە هەرنەخۆشخانەیەک و هەر کەسێک بیکات.