حزبی دەعوە: بەهۆی نەگونجاوی کاتەوە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دواخرا

بە گوتەی عارف حەمامی، پەرلەمانتاری حزبی دەعوەی ئیسلامی بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، هۆکاری کشاندنەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی تەنیا بەهۆی نەگونجانی کاتە و پەیوەندیی بە هیچ هەڵوێست و گوشارێکەوە نییە.
حەمامی گوتی: کاتی پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، بۆیە پرۆژەکە بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان کشاندراوەتەوە و تاوەکوو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق ناخرێتەوە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان.
ئەندامەکەی حزبی دەعوە گوتیشی: هەرچەندە پرۆژە کشاندرایەوە، بەڵام ئێمە وەکوو حزبی دەعوە لەگەڵ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکەدا بووین، ئێستاش هەرکاتێک پڕۆژەکە دووبارە پێشکەشی پەرلەمان بکرایەوە و بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوە، حزبی دەعوە پشتگیری دەکات و دەنگی پێدەدات.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە بارەی هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەی حەشدی شەعبی، عارف حەمامی ڕەتیکردەوە، بڕیاری کشاندنەوەی پرۆژەکە لە پەرلەمان، هیچ پەیوەندییەکی بە هەڕەشە و هیچ گوشارێکی دەرەکییەوە هەبێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە هۆشدارییەکانی ئەمەریکا.
هەر لە بارەی مشتومڕەکانی ناوخۆی هێزە شیعەکان لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی، دوێنێ سێشەممە، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا وای کردووە لایەنە شیعەکان لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای پەیکەربەندی حەشدی شەعبی پاشگەز ببنەوە. لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا، بڕیار دراوە پرۆژەکە لە پەرلەمان بکشێنرێتەوە.
هەروا ئاماژەیدا، هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشە جددییەکانی ئەمەریکا، کە ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر پرۆژەکە تێپەڕێندرێت، گرووپە چەکدارەکان دەکەنە ئامانج و سزای قورس بەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقدا دەسەپێنن.
لە 23ی مانگی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە لەسەر سێ پرس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق - تورکیا و کەمکردنەوەی کاریگەریی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کردووە.
ڕوبیۆ نیگەرانی وڵاتەکەی لە بارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای پەیوەست بە حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاند بوو، بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوت بوو، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق، هەربۆیە ئەمەریکا قبووڵی ناکات.