ئێران.. تووشبوون بە شێرپەنجە زیادی کردووە

ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە لە ئیران زیادی کردووە و پسپۆڕان دڵەڕاوکێ، خواردنی ناتەندروست و گرفتەکانی ڕۆژانە بەهۆی سەرەکی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی شێرپەنجە دەناسێنن.
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ڕۆژنامەی ئیتڵاعات، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، لە زاری دکتۆر محەممەد جیهانگیری، جێگری پێشووی ڕێکخراوی سیستەمی پزیشکی، بڵای کردووەتەوە "لە کاتێکدا ئامارەکان باس لە زیادبوونی نیگەرانکەری تووشبوون بە شێرپەنجە دەکەن 'پرۆژەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی گونجاو و گشتگیریی شێرپەنجە' وەک هیوایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە جددیە، سەرهەڵدەدات."
لاوازی لە پلان و جێبەجێکردندا
دکتۆر محەممەد جیهانگیری، جێگری پێشووی ڕێکخراوی سیستەمی پزیشکیی وڵات، دەڵێت: پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان جێگەی سەرنج بووە و وڵاتان ناچار کراون لەسەر بنەمای ئەوە، پێوەرێک بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشییە سەختەکان لەوانە شێرپەنجە، پێناسە بکەن. ئێرانیش لە ڕێگەی ئەم ستراتیجییە جیهانییەدا هەنگاوی ناوە و ئامانجی دیاری کردووە کە بڕیار بوو تا ساڵی 2025 بەدەست بهێنرێن.
بە گوێرەی ئەم پرۆژەیە، بواری بەڕێوەبردنی شێرپەنجە بۆ چوار بەشی سەرەکیی خۆپارێزی، پشکنینی سەرەتایی، چارەکردن و گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی دابەش دەبێت. بە گوێرەی ئەم پڕۆژەیە لە بەشەکانی دەستنیشانکردنی خێرا و چارەکردن، بە تایبەت لە بوارەکانی چارەی کیمیایی و بەهێزکردنی بەرگریدا، هەنگاوی باش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە نراون؛ بێگومان بۆ گەیشتنی تەواو بە ئامانجەکانی ئەم بەشانە، هێشتا پێویست بە وەبەرهێنانی زیاتر هەیە. بەداخەوە لە بەشی خۆپارێزیدا نەمانتوانیوە بە ئامانجە دیاریکراوەکان بگەین. بە گوێرەی پێوەرە جیهانییەکان، گرنگترین پایەی بەڕێوەبردنی شێرپەنجە، خۆپارێزییە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان، بەڵام لە ئێران لەم بوارەدا، لە داڕشتن و هەروەها لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکاندا، لاوازیی جددی هەیە.
جگەرە و خۆراکی ناتەندروست
بە گوێرەی پلاندانانی نیشتمانی، بڕیار بوو ڕێژەی کەمجووڵەیی تا ساڵی 2025 بە ڕێژەی 25% کەم بکرێتەوە کە ئەم ئامانجە بەدەست نەهات، تەنانەت لە هەندێک دیاردەدا، وەک جگەرەکێشان بە تایبەت لە نێو خانماندا، زیادبوونێکی بەرچاومان هەبووە کە جێگەی نیگەرانییە، چونکە جگەرەکێشان، مەترسیی تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە لەوانە سییەکان، کۆئەندامی هەرس و خوێن زیاد دەکات.
بەداخەوە سەبارەت بە ژینگەش زۆر کەمتەرخەمی کراوە. لە هۆکارە گرنگەکانی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە دەبێت ئاماژە بە خۆراکی ناتەندروستیش بکرێت. شێوازی خۆراکی ئێرانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لە جۆری لێنانی خواردنەوە تا شێوازی خواردن و زۆر خواردنی چەورییەکان و فاست فوود، تووشی گۆڕانی ناخۆش بووە کە زەنگی مەترسیی بۆ تەندروستیی کۆمەڵگە، بە تایبەت لە بواری شێرپەنجەدا لێ داوە.
دڵەڕاوکێ، بنەمای نەخۆشییەکانە
دکتۆر جیهانگیری، داڕێژەری مۆدێلی چەمکی "سیستەمی یەکپارچەی تەندروستی لە بواری شێرپەنجە" لە درێژەی قسەکانیدا جەخت لە کاریگەریی حاشاهەڵنەگری دڵەڕاوکێ لە تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە دەکاتەوە و دەڵێت: بەڕێوەبردنی فشارە دەروونییەکان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی خۆپارێزی و کۆنترۆڵی نەخۆشییەکان.
ناڕێکیی گوزەران، هۆی سەرەکیی دڵەڕاوکێی ژیانی ڕۆژانەی زۆرێک لە کەسانی کۆمەڵگەی ئێمەیە. ئێستا ئەگەر دڵەڕاوکێی کار، فشارەکانی پەروەردەکردنی منداڵ و کێشە ئابوورییەکانیش بخرێنە سەری، باری قورسی فشاری دەروونیمان لەسەرە کە هەموویان لەگەڵ یەکدا ڕەنگە خانەکانی جەستە تووشی شێرپەنجە بکەن.
لەلایەکی ترەوە، گۆڕانی بەهاکانی کۆمەڵگە وای کردووە کەسەکان، کات و ئارامیی خۆیان بکەنە قوربانیی دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتێکی زێدەتر. ئێمە لەم بوارەدا پێویستمان بە گۆڕینی بیروڕا سەبارەت بە شێوازی ژیان هەیە و دەبێت بزانین کە شێوازی ژیانی تەندروست، یەکەم و بنەڕەتیترین تەوەرە بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشییە سەختەکان، بە تایبەت شێرپەنجە.
شێوازی ناڕێکی گوزەران
هەروەها ئەگەر بتوانین بە هەڵبژاردنی شێوازێکی دروست و ئاگایانەی ژیان لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و پەستانی خوێنی بەرز خۆمان بپارێزین، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە تا ڕادەیەکی زۆر، کەم دەکەینەوە.
جیهانگیری، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی فراوانی دامەزراوە جیاوازەکان لە پڕۆسەی خۆپارێزیدا دەڵێت: خۆپارێزی تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵکو پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان هەیە. ڕاگەیاندنەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە و دامەزراوە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانی تر دەبێت لەم ڕێگەیەدا، هاوڕێ و هاودڵ بن. پێویستە خێزانەکان و قوتابخانەکان هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، شێوازی دروستی ژیان بە منداڵەکانیان فێر بکەن و ئەم کارەش تەنیا بە پلاندانانێکی ورد، ئامانجدار و درێژخایەن دەکرێت.
ئەزموونی سەرکەوتووی پشکنینی سەرەتایی
داڕێژەر و جێبەجێکاری پڕۆژەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی گونجاو و گشتگیری نەخۆشیی شێرپەنجە، جەخت لە گرنگیی بابەتی پشکنینی سەرەتایی و بە کاتی نەخۆشیی شێرپەنجە دەکاتەوە و دەڵێت: لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک، دەستنیشانکردنی بە کات، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زیادکردنی هیوای ژیان بۆ نەخۆشەکان هەیە. ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا بناسرێتەوە، ڕێگەی چارەکردن بە ئاسانی زیاتر دەبڕدرێت.
خۆپارێزی، هەنگاوە گرنگەکە
دکتۆر محەممەد جیهانگیری، ڕوونیشی کردەوە: لە پارێزگای قوم، پڕۆژەیەکی نیشتمانی بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستی، تەوەری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگاکە و بەشداریی فراوانی دامەزراوە جێبەجێکارەکان، دەستی پێ کرد کە ئامانجی بەڕێوەبردنی گونجاو و گشتگیری نەخۆشیی شێرپەنجە بوو بە بایەخدان بە خۆپارێزی و پشکنینی سەرەتایی سیستماتیک بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی گشتی.
جیهانگیری، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دەستکەوتی باشمان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا بەدەست هێنا کە مۆدێلی جێبەجێکردنی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەدوادا هات؛ لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت دانی پێدا بنرێت، گۆڕینی ڕەفتارە تەندروستخوازەکان، پێویستی بە کات، بەردەوامی و هۆشیارکردنەوەی بەرفراوان هەیە. هەوڵی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە بە زانیاریدانی کاریگەر و دابینکردنی ژێرخانی پێویست، خێرایی پشکنینی سەرەتایی زیاد بکەین.