شوێنەواری هەرێم: نابێت هاووڵاتییان دەستکاری شوێنەوار بکەن

بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، نزیکەی 88 سکاڵایان تۆمار کردووە و لەو ژمارەیە 38 دۆسیە لەلایەن دادگاوە یەکلا کراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەکانی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا یەکلا ببنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، نیاز محەممەد، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرانسەری هەرێم نۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواریان هەیە. ئاشکراشی کرد، نزیکەی 88 سکاڵایان تۆمار کردووە و لەو ژمارەیە 38 دۆسیە لەلایەن دادگاوە یەکلا کراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەکانی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا یەکلا ببنەوە.
بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی ڕوونی کردەوە، 88 سکاڵاکە پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەیە کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر شوێنەوارەکان، یان بازرگانی و دەستبەسەرداگرتن و مامەڵەپێکردنیان ئەنجام داوە.
دەشڵیت: بەگوێرەی ماددەی 24ـی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2020ـی شوێنەوار، کە یەکەم یاسای شوێنەوارە لە هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەموو جۆرە سزایەک دۆسیەکە دەگرێتەوە. نیاز محەممەد، ئاماژەی بەوەشدا، هەر کەسێک بازرگانی بە شوێنەوارەوە بکات، بە 10 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت. هەروەها، هەر کەسێک پارچەیەک شوێنەوار بباتە دەرەوەی هەرێم، بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، چەند حاڵەتێکی دیکەش هەن کە سزای هەمیشەیی بەسەریاندا دەسەپێت، لەوانە؛ کارمەندی شوێنەوار خۆی دەستکاری و مامەڵە و بازرگانی بە شوێنەوارەوە بکات. یاخود، ئەو کەسانەی بە زەبری هێز و چەک مامەڵە بە شوێنەوارەوە بکەن و بیدزن.
نیاز محەممەد، وەک بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک زانیاری لەسەر شوێنەوار یان حاڵەتێکی دزیکردنی شوێنەوار هەبوو، نزیکترین دەزگای ئەمنیی ئاگادار بکاتەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەستکاریکردنی شوێنە شوێنەوارییەکان دەبێتە هۆی تێکدانیان، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد ئەو شوێنانە دەستکاری نەکەن تاوەکو ڕووبەڕووی یاسا نەبنەوە.
لەبارەی کارەکانی تیمە شوێنەوارییەکان، نیاز محەممەد، ڕوونی کردەوە، هەر تیمێکی شوێنەوار بەگوێرەی یاسای شوێنەوار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. کاتێک تیمی شوێنەواری بیانی دێتە کوردستان، بەرنامە و پرۆپۆزەڵی خۆی پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار دەکات. پاش لێکۆڵینەوە، گرێبەستێک لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، چەند خاڵ و ماف و ئیمتیازاتێکی تێدایە. بۆ نموونە، هیچ لایەنێک بۆی نییە پارچەیەکی شوێنەوار بباتە دەرەوە، تەنیا دەبێت لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەوە بێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پارچەکان ئێمە نووسراویان بۆ دەکەین تاکوو لە فڕۆکەخانە ڕێگەیان پێبدرێت و ژمارەی ئەو پارچانەش دیاری دەکرێت کە دەیانبەن. هەروەها، پێویستە لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە و پارچە شوێنەوارەکەش بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار.