ئەمڕۆ تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەکرێت

چامپیۆنزلیگ
چامپیۆنزلیگ

ئەمڕۆ 28ـی ئابی 2025 کاتژمێر حەوتی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە هۆڵی گریماڵدی لە شاری مۆنتی کارلۆ لە مۆناکۆی فەڕەنسا ، تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەکرێت و دووەم ساڵە لەسەر یەک، بە پاڵەوانێتیەکە بە بەشداری 36 یانە دەکرێت.

وەرزی رابردوو بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا ژمارەی یانەکانی چامپیۆنزلیگ زیاد کرا و هەروەها شێوازی پاڵەوانێتیەکەش گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا کرد، پێشتر پاڵەوانێتیەکە بە بەشداری 32 یانە دەکرا بەڵام ژمارەیان بۆ 36 یانە زیاد کرا.

پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا واتە ئینگلاند و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا بە 22 یانە بەشداری دەکەن، پرێمەرلیگ شەش یانە، لالیگا پێنج یانە، سێریائەی و بۆندزلیگا پێنج یانە و هەروەها لیگ وەنی فەڕەنساش سێ یانەی بەشداری دەکەن.

گەڕی یەکەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، رۆژانی 17 و 19 مانگی نۆی ئەمساڵ دەکرێن و گەڕی دووەمیش کۆتایی مانگی نۆ و سەرەتای مانگی دەی ئەمساڵ دەکرێن، بە گشتی ئەمساڵ هەر هەموو هەشت یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکان دەکرێن.

لە قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ هەشت یانەی ریزبەندی پێشەوە، واتە یەکەم تاوەکو هەشتەم راستەوخۆ سەردەکەون بۆ قۆناغی شازدە، پاشان یانەکانی نۆیەم تاوەکو حەڤدەیەم لە قۆناغی پلەی ئۆف یاری دەکەن و چارەنوسی هەشت یانەی دیکەی قۆناغی شازدە یەکلایی دەکرێتەوە.

یارییەکانی قۆناغی پلەی ئۆف واتە نێوان یانەکانی نۆیەمی ریزبەندی تاوەکو حەڤدەیەمی ریزبەندی،یارییەکانی چوون حەڤدە و هەژدە و هەروەها 24 و 25 مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو دەکرێن و چارەنوسیان یەکلایی دەکرێتەوە.

دوای بەدیار کەوتنی شازدە یانەکەی قۆناغی دووەمی چامپیۆنزلیگ واتە قۆناغی شازدە، رۆژی 21ـی مانگی دووی ساڵی داهاتوو، تیروپشکی قۆناغی شازدە و چارەکی کۆتایی و قۆناغی پێشکۆتایی بەیەکەوە دەکرێت و چارەنوسی یانەکان تاوەکو یاری کۆتایی یەکلایی دەبێتەوە.

بڕیاریشە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ، رۆژی سی مانگی پێنجی ساڵی 2026، بۆ یەکەمجار لە یاریگای پوشکاش ئارێنا لە شاری بوداپێست پایتەختی هەنگاریا بکرێت. هەروەها گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی کراوە و ئەمجارەیان یارییەکە کاتژمێر 7ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment