ڕێکارەکانی کردنەوەی سەنتەری بانکی خوێن لە گەرمیان لە تەواوبووندایە

لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی گەرمیان، لێژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو دەڤەرەیان کرد، بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی بانکی خوێن لە سنوورەکە.
د.سانع ئەبابەکر، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەمە، 28ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا سەنتەری بانکی خوێن لە گەرمیان دەکرێتەوە، چونکە تاوەکوو ئێستا نەکراوەتەوە،بەڵام کارەکانی نێو سەنتەرەکە تەواوکراون و خولێکی تایبەت بە کارمەندانی دەکەین.
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کردنەوەی سەنتەرێکی بانکی خوێن لەو سنوورە زۆر پێویستە، چونکە 120 تووشبووی تالاسیما لە ناوچەکە هەن، ئەو نەخۆشانە بۆ وەرگرتنی دەرمان دوو سعات ڕێگا دەبڕن تاوەکوو دەچنە سلێمانی، ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ دروستکردوون.
هەروەها باسی لەوە کرد، لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی گەرمیان وەک لێژنە سەردانیان کردوون.
لە هەرێمی کوردستان حەوت سەنتەر و بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن هەن، چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەنتەری بانکی خوێن لە گەرمیان بکرێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی و هەروەها پێشتریش، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بڕوانامەی ئایزۆ، پێشکەشی بانکی خوێنی هەولێرکراوە، ئەمەش هاووڵاتیان و کاربەدەستانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە کارەکانی بانکی خوێن لە تاقیگەکان بەشێوەیەکی کوالێتی باش بەڕێوە دەچێت، چونکە ئەو بڕوانامەیە دەدرێت بە پرۆسەیەکی درێژدا دەڕوات.