پەیامی مەسرور بارزانی دەربارەی پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ڕووناکی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: هەروەک بەڵێنمان دابوو پێش وادەی خۆی، کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە ناوەندیی شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە. دەشڵێت: ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ڕووناکی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا لە ڕێی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە. ئەمەش زیاترە لە 50%ی دانیشتووان، کە دەستکەوتی کەمتر لە ساڵێکە لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە.

هاوکات دەڵێت:هەروەک بەڵێنمان دابوو پێش وادەی خۆی، کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە ناوەندی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.

مەسرور بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، خۆشحاڵم ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجە یەکەم پارێزگایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریی هەیە.

هەر لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، ڕووناکی تەنیا کارەبای بەردەوام و جێی متمانە نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە. تا ئێستا، زیاتر لە سێ هەزار و 200 موەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەڕەکەکانمان پاکتر، تەندروستتر و سەلامەتتر بن بۆ منداڵەکانمان.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: ئامارەکان دەریدەخەن کە ماڵەکان و بازرگانانیش مامەڵەیان لەگەڵ کارەبا گۆڕاوە: کەمتر بەکاردەهێنن و لە پڕۆژەی ڕووناکیدا، نزیکەی 80%ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو بڕەی کە پێشتر بە موەلیدەکانیان داوە.

جەختی لەوەش کردەوە، هێشتا کارمان ماوە، بەڵێنەکەمان لە جێی خۆیەتی، هەموو ماڵ و شوێنێکی بازرگانی تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێریی دەبێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئەو دەستکەوتانە.

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی، دەکاتە زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، هاووڵاتییان لەسەر ئاستی ناوەندی شارەکانی هەولێر و دەورووبەری، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری و زووتر لەو پلانەی بۆ داڕێژڕاوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment