ئەحمەد شەرع: پشتیوانی سوودانیم کرد

سەرۆکی سووریا دەڵێت: بە پەیامێکی ڤیدیۆیی، پشتیوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم کرد و هاوکاریم کرد لەوەی بڕیارێکی هەڵە نەدات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا وردەکاری پەیوەندییەکی گرنگی نێوان خۆی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ میدیاکانی عەرەبی ئاشکرا کرد، بەپێی زانیارییەکانی شەرع، چەند لایەنێک لە پەرلەمانی عێراق، فشارێکی زۆر لە سوودانی دەکەن و ئەویش نایەوێت بچێتە ژێر فشاری ئەو لایەنانە، بەڵام ڕێچکەیەکی دروستی نەبوو بۆ دەربازبوون، بۆیە پەیامێکمان بۆی نارد و لە هەڵەیەکی گەورە ڕزگارمان کرد.
چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، ڤیدیۆی بەشێک لە قسەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا سەبارەت بە عێراق بڵاوبوونەوە کە تێیدا ئاشکرای کردووە، یارمەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی داوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارەی لە پەرلەمان لێی دەکرێت.
شەرع، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ میدکارانی عەرەبی ڕایگەیاندووە: گوشارێک لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووە، ئەویش ڕەتی کردووەتەوە ئەم گوشارە قبوڵ بکات، بۆیە منیش ویستم بەهێزەوە پاڵپشتی هەڵوێستی سوودانی بکەم، بۆیە پەیامێکی ڕاستەوخۆم بۆی نارد لە ڕێگەی پارچە ڤیدیۆیەک ئەو کاتەی لە پەرلەمان بوو، ترسام لەوەی بڕیارێکی هەڵە بدات، بەڵام سوودانی وەڵامی دایەوە و بیرۆکەکەی منی زۆر بە باشی وەرگرت، بیرۆکەکەشم بۆی، کاریگەریی ئەرێنی هەبوو .
سەرۆکی سووریا ئاشکراشیکرد، زۆرێک لە لایەنەکان هەوڵیان دەدا دۆخی سووریا بگوازنەوە عێراق و لە ناکۆکییە تائیفییەکان دووبارەی بکەنەوە، منیش ڕەتمکردەوە دەرگایان بۆ بکەمەوە و گوتم:" لە دەرگای ماڵەکانەوە دەچینە ژوورەوە، من مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی عێراقیم پێ باشتر بووە، ئێستا پابەندم بەم پرەنسیپە لەگەڵیاندا.