چوار جووتیاری کورد فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو 24 جووتیاری گوندی تەپەسەوزی سنووری خورماتوو لەئەنجامی گرژی نێوانیان لەگەڵ عەرەبی هاوردە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆدەرچوو، هەریەکەیان بەکەفالەتی 5 ملیۆن دینار ئازادکران.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی عەرەبە هاوردەکان بەپاڵپشتی سوپای عێراق بە گرێبەستێکی سەردەمی بەعسەوە ویستیان زەوی و زاری جووتیارانی کورد لەو گوندە داگیربکەن، ئەو جووتیارە کوردانە ڕەتیانکردەوەو ڕێگریان کرد، بۆیە پیلانەکەیان شکستی هێنا.
لەنوێترین پێشهات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 4 جووتیاری گوندەکە دەرچووە کەخاوەن زەوین و دادگا داوایکردووە خۆیان ڕادەست بکەن، هاوکات بەڵێننامە پربکەنەوەو دەستبەرداری زەوییەکانیان بن.
یەک لەو جووتیارانە قسەی بۆ کوردستان24 کردووەو دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک ناچمە بەردەم دادگاو هیچ بەڵێننامەیەکیش پڕناکەمەوە، دەستبەرداری زەوی باب و باپیرانمان نابین، داوشیکرد، بەرپرسانی کورد چارەسەری کێشەکەیان بکەن و ڕێگری لە تەعریبی گوندو خاک و زەوییەکانییان بکەن.