وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی نوێی خۆپارێزی بڵاودەکاتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، گۆشتی سوور لەو شوێنانە بکڕن، کە ناسراون و مۆری لیژنە تەندروستییەکانیان هەیە، داواش لە کابان و خانمانی ماڵ دەکات، بەبێ دەستکێش دەستکاری گۆشت نەکەن.

سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ ڕێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، 37 گوندی پارێزگای دهۆک کەرەنتینە کراون و داوا لە هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەم بە بەرپرسیارێتییەوە لە دۆخەکە بڕوانن و لە شوێنێک سەرچاوەکەی نەناسراو بێت، گۆشت نەکڕن؛ بەتایبەت ئەو شوێنانەی لە قەراغ شەقام و ڕێگەی دەرەکییەکان خەڵکانێک بەبێ بوونی مۆڵەتی تەندروستی گۆشتی سوور دەفرۆشن.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: داوا لە کابانەکانی ماڵەوە دەکەین بەبێ دەستکێش، دەستکاری گۆشت نەکەن، ئەو چەقۆ و کەلوپەلانەشی بۆ وردکردنی گۆشت بەکاری دەهێنن، لە کەلوپەلەکانی دیکەی چێشتخانەکانیان جیای بکەنەوە و بۆ هیچ خواردن و پێویستییەکی دیکە بەکاری نەهێننەوە.

سەرکار سورچی ڕاشیگەیاند، بۆ بەدواداچوون لیژنەکانی تەندروستی زیاد کراون و لە هەر دوکان و شوێنێک گۆشتی سوور بەبێ مۆری کوشتارگە و تەندروستی هەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن، هەربۆیە باشتروایە هاووڵاتیان لە کڕینی گۆشت لە شوێنە نەناسراو بێ مۆڵەت و ڕێگە پێنەدراوەکان، نەیکڕن.

جەختیشی کردەوە، هەرکەسێک سەرپێچی بکات لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، ڕێکاریی توندی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ، شەش حاڵەتی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و یەکێک لەوان ئافرەتێکی شاری دهۆک بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە گیانی لەدەستدا، ئێستا بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، 37 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک کەرەنتین کراون.

Fly Erbil Advertisment