بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن داوای بەهاناوەچوون دەکات

بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە زووترین کات هەرچی پێویست بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دابینی بکات، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ئاگرەکە تا دێ تەشەنە دەکات و نزیک دەبێتەوە لە گوند و شوێنی دانیشتووان.
هەینی 29ـی ئابی 2025، سەردار ئەحمەد، بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی قەزای پێنجوێن لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوا لە هاووڵاتییانی قەزاکە دەکات، کە خۆبەخشانە بچنە شوێنی ئاگرەکە و لەگەڵ تیمەکاندا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سنووری گوندەکانی هەڵاڵاوا و مەسۆ بدەن.
هاوکات داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات، بەزووترین کات هەرچی پێویست بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دابینی بکەن. هاوکات دەڵێت: ئاگرەکە تا دێ تەشەنە دەکات و نزیک دەبێتەوە لە گوند و شوێنی دانیشتووان.
هەر ئەمڕۆ هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن تایبهت به كوردستان24 گوتی: ئاگرێک له دوێنێوه بە هۆکارێکی نادیار لە پێنجوێن کەوتووەتەوە و تا ئێستا نزیکەی هەزار دۆنم پووش، پاوان و دارستان سووتاون و دوو کەسیش به ناوهكانی بێستوون عهبدوڵڵا و ئالان یووسف بریندار بوونه و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون و تەندروستیی بێستوون عەبدوڵڵا ناجێگیرە.
هێمن ئیبراهیم گوتووشیهتی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لە هەوڵی بهردهوامن بۆ كوژاندنهوه و كۆنترۆڵكردنی ئاگرەکە. هاوكات هاوشانی ئهو تیمانه، ڕێخراوی ملەکەوە بۆ ژینگە و ژمارهیهكی زۆری هاوشاریانیش وەک خۆبەخش بهشداریی له كوژاندنهوهی ئاگرهكه دهكهن.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەست دا، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، نزیكهی پێنج ههزار دۆنم پووش و پاوهن و ژمارهیهكی زۆر ئاژهڵی كێوی سووتان و شهش گوندیش له ناوچهكه زیانی زۆریان بهركهوت.




