سیستەمی بانکی خوێن لەهەولێر کراوەتە سیستەمی دیجیتاڵی

دلۆڤان محەممەد
دلۆڤان محەممەد

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات، کاروباری تەواوی دامەزراوەکانی بە دیجیتاڵی بکات و ڕۆتین لە ڕایی کردنی مامەڵەکان نەهێڵێت.

نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی  وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر دەستیان بە دیجیتاڵ کردنی کاروبارەکانیان کردووە.  

د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زیاتر لە ساڵێکە پلانیان بۆ ئەوە داڕشتووە،  لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی تەندروستی و هەندێ لە بەڕێوەبەرایەتییەکان، کاری دیجیتاڵی و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمەکان جێبەجێ بکرێت، دەشڵێت: ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کاروباری بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە هەولێر کراوەتە سیستەمی دیجیتاڵی، تەواوی نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی(حکوومی)، نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتیش، لەڕێگەی ئەو سیستەمە دیجیتاڵییە بە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن بەستراونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمە دیجیتاڵییەکە ئاسانکارییەکی زۆری لە پەیوەندییەکانی نێوان نەخۆشخانەکان و بانکی خوێن دروستکردووە، گوتی: هەر کەسێک خوێن دەبەخشێت، لە سیستەمەکە، هاوکات لەڕێگەی سیستەمەکەوە دەزاندرێت چەند بڕە خوێن لە بانکەکەدا هەیە، چونکە لەو کاتەی ڕێژەکە دادەبەزێت، دەتوانین بانگەواز بکەین بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکان و خۆبەخشەکان بێن خوێن ببەخشن.

د.دلۆڤان محەممەد ڕایگەیاند: ڕۆژانە 250 بوتڵ خوێن لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن بۆ تەواوی نەخۆشخانەکان ئامادە دەکرێت، بەتایبەتیش بۆ نەخۆشانی توشبوو بە تالاسیمیا، هەروەها ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت، گوتی: سەدا 50 بڕی خوێنی بانکی خوێن لەڕێگەی خۆبەخشەکانەوە دابین دەکرێت، سەدا 50ـی دیکەش لەڕێگەی لەجێدانانەوە دابین دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، نەخۆشخانەی پیرمام، نەخۆشخانەی ڕزگاری، سەنتەری تالاسیمیا سیستەمیان بە دیجیتاڵی کراوە، نەخۆشانەی منداڵان و لەدایکبوونیش لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستەمەکەی دەکرێتە دیجیتاڵی، دووپاتی ئەوەی کردەوە، سیستەمەکە ئاسانکاریی زۆر لە ڕێکخستنی کاروبارەکان و وەرگرتنی داتای ورد دەکات، لەگەڵ کەمکردنەوەی  تێچووی نێو نەخۆشخانەکان کە چیتر پێویست بە بەکارهێنانی کاغەز و پرێنت و مەرەکەب نابێت، سەرباری ئەوەی ڕۆتین کەم دەکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشکرای کرد، هەوڵ دەدەن لەڕێگەی دروستکردنی ئەکاونتێک بۆ هەر نەخۆشێک، وا دەکەن هەموو زانیاریی نەخۆشی تێدا تۆماربکەن لەهەر نەخۆشخانەیەک کە نەخۆشەکە سەردانی دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment