د.حەسەن خۆشناو: مەولوود دروستە و هیچ کێشەی نییە

ئەندامێکی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: ساڵانە دەنگۆی زۆر لەسەر لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە ناو موسڵمانان دروست دەبێت، بەڵام هەرشتێک کە دژی شەرع نەبێت لە مەولوود باسبکرێت، شتێکی ڕێگە پێدراوە و کێشەی نییە.

د.حەسەن خۆشناو، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوول دەکاتە 12ـی ڕەبیعولئەوەلە دەکاتە ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت)، کە بۆنەیەکی گەورەیە بۆ موسڵمانان.

گوتیشی: ساڵانە دەنگۆی زۆر لەسەر ئەم بۆنەیە لە ناو موسڵمانان دروست دەبێت، بەتایبەت لە نێوان بەشێک لەو برایانەی پێیان دەڵێن، سەلەفی، کە دەروونی خەڵک ماندوو دەکرێت، لە جیاتی ئەوەی خەڵک بە دڵخۆشیەوە ئەو بۆنەیە بکەنەوە، دەکەونە دڵەڕاوکێ، کە دەڵێن دروستە و دروست نییە، بۆیە ئێمە نووسراوێکمان بۆ وەزارەتی ئەوقاف کردووە کە گشتاندن بۆ سەرجەم وتار خوێنان بکات، کە ئەوەی ئەم یادە ناکاتەوە ئازادە، بەڵام پێویست ناکات بڵێن داهێنراوە (بیدعەیە) و خەڵک بخەنە دڵەڕاوکێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی کرد، پێیان باشبوو کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەیی موسڵمانان بکەن بەوەی یادکردنەوەی لەدایک بوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دروستە و هیچ کێشەی نییە، ئەوەی ئەم یادە دەکاتەوە خێری پێدەگات، بۆیە ناکرێت لەو دۆخە ناهەموارەی هەیە خەڵک بخەنە دڵەڕاوکێ.

ڕوونیشی کردەوە، هەرشتێک کە دژی شەرع نەبێت لە مەولوود باسبکرێت، شتێکی ڕێگە پێدراوە و کێشەی نییە، هەروەها لەو یادەدا خواردن و خواردنەوە بەسەر خەڵک دابەش دەکرێت، سەڵاوات لێدەدرێت، ئەمانەش هەموویان کاری خێرن، نازانم چ کێشەیەک لەوەدا هەیە، بۆ ئێمە لەدایک بوون بۆ منداڵەکانمان و باوک و کچەکانمان دەکەین، بەڵام بۆ لەدایک بوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) باسکردنی ژیانی و هاندانی خەڵک بۆ پابەند بوون بە ڕێبازی پێغەمبەر، خراپە؟ بۆیە ئەوانەی لە دووڕیانێکی تەسکەوە سەیری بابەتەکە دەکەن، ئەم بابەتە لە موسڵمانان تێکدەدەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment