ئێران..زۆریی تێچووی خوێندن داهاتووی منداڵە هەژارەکان تاریک دەکات

ئەمساڵ زۆرێک لە خێزانە کەمداهاتەکان، منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە، چونکە تێچووی خوێندن زۆرە و ئەوانیش لە توانایاندا نییە ئەو خەرجییە دابین بکەن. هەرچەند بە گوێرەی ماددەی 30ـی دەستووری بنەڕەتیی ئێران، دابینکردنی پێداویستییەکانی پەروەردە و فێرکردنی بێبەرانبەر، تا کۆتایی قۆناغی ناوەندیی، لە ئەستۆی حکوومەتدایە.

ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "ماددەی 30ـی دەستووری بنەڕەتی، بە تێپەڕبوونی کات و زۆربوونی قوتابخانە تایبەتەکان و کەمبوونەوەی ڕۆڵی حکوومەت لەسەر کەرتی پەروەردە، لەبیر کراوە و کەس کاری پێ ناکات! کار گەیشتووەتە ڕادەیەک، کە خێزانەکان، لە قوتابخانە حکوومەتییەکاندا جێگەیان بۆ منداڵەکانیان دەست ناکەوێت؛ بەشێکی زۆری خەڵکیش لەبەر دابەزینی ئاستی خوێندن و فێرکردن لە قوتابخانە حکوومییەکاندا، منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە تایبەتەکان."

کڕینی کەلوپەلی خوێندن و جلوبەرگی یەکپۆش، بووەتە بارێکی گران بەسەر شانی خێزانە کەمداهاتەکانەوە. بە چاولێکردنێکی خێرا لە نرخی ئەو پێداویستییانە لە بازاڕەکاندا، ڕادەی گرانییان دەردەکەوێت. بۆ نموونە نرخی هەرازانترین دەفتەری سادەی 100 لاپەڕەیی زیاتر لە 100 هەزار تومەنە؛  لە کاتێکدا ئەگەر کوالیتیی دەفتەرەکە هەندێک باشتر بێت، ئەوا نرخەکەی لە نێوان 200 تا 300 هەزار تومەن دەبیت. ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی جلی یەکپۆش و جانتا و کەرەستەی نووسین و خەرجییە لاوەکییەکانی دیکەی وەک تێچووی چالاکی و وەرزشی.

سیمین یەعقوبیان، چالاکوانێکی کرێکاریە، ئاماژە بە تێچووی زۆری خوێندن و پەروەردە دەکات و دەڵێت: کرێکارێک کە مووچەی مانگانەی لە نیوان 15 بۆ 20 ملیۆن تومەنە، چۆن دەتوانێت تیچووی خوێندنی منداڵەکانی بدات؟ بێگومان ئەم بارودۆخەش وا دەکات ژمارەی ئەو منداڵانەی واز لە خوێندن دەهێنن، زۆر ببێت.

 یەعقووبیان، دەڵێت:  بەداخەوە ئەم ڕاستییە تاڵە هەیە کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندندا، گوشارێکی دارایی نوێ دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران. دەرەنجامەکەی وازهێنانی زیاتر لە خوێندن و پەرەسەندنی جیاوازیی چینایەتییە. ئەم بارودۆخە لەگەڵ دادپەروەریی و یەکسانی پەروەردەییدا ناگونجێت.

ئەو چالاکوانە دەڵێت: هەندێک لە خێزانەکان، نەک لەبەر ئەوەی منداڵەکانیان حەزیان لە خوێندن نییە، بەڵکوو لەبەر گوشاری دارایی، ناچارن منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانە. باوکەکان بە شەرمەزارییەوە دەڵێن "ئەمساڵ منداڵەکەم نانێرمە قوتابخانە، خەرجییەکەی زۆرە و منیش توانای دابینکردنیم نییە." و دایکانیش هیوادارن ساڵی داهاتوو بارودۆخەکە باشتر بێت. بەم جۆرە هەژاری، مافی فێربوون و پەروەردە لە منداڵان دەسەنێت و ئەوانیش ڕەوانەی کاری دەستفرۆشی و سەرشەقامەکان دەکات .

یەعقووبیان، هەروا دەڵێت: بە گوێرەی ماددەی 30ـی یاسای بنەڕەتی، پەروەردە دەبێت بێبەرانبەر بێت. لەم ماددەیەدا هاتووە حکوومەت ئەرکدارە پەروەردەی بێبەرانبەر تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی دابین بکات. بەڵام کاتێک خێزانە کرێکارییەکان دەبێت پارە بۆ جلی یەکپۆشی و تۆمارکردن و یارمەتییە ناچارییەکان بدەن، کەواتە "پەروەردەی بێبەرانبەر" تەنها دروشمێکە.

یەعقووبیان، ئاماژەی بە وەرگرتنی پارەی لاوەکی لە قوتابخانە حکوومییەکان کرد و گوتوویەتی: بە گوێرەی یاسا، قوتابخانە حکوومییەکان نابێت هیچ پارەیەک بەرانبەر تۆمارکردنی منداڵان لە دایکان و باوکان وەربگرن. وەرگرتنی هەر جۆرە پارەیەک، تەنانەت بە ناوی 'یارمەتیی خۆبەخشانە'شەوە، بە تەواوی نایاساییە. سەرەڕای جەختکردنەوە فەرمییەکان، ئەم پرۆسەیە هەموو ساڵێک بەردەوامە.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە ئاماژەی بە ڕۆڵی سیستەمی چاودێریی پەروەردە و فێرکردن کرد و گوتی: ڕۆڵی سیستمی چاودێری زۆر لاوازە. پشکنەران بە گشتی، کارێکی  ئەوتۆیان لەدەست نایەت؛ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانیش دەزانن کە مامەڵەیەکی جیددی لە ئارادا نییە، بۆیە لەسەر ڕەفتاری نایاسایی خۆیان بەردەوام دەبن.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment