بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی: ئاگرەکەی پێنجوێن بەردەوامە و کەسێکیش دەستگیرکراوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی گومان و تێوەگلان لە کەوتنەوەی ئاگرەکەی پێنجوین، کەسێکیان دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 30ی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکد ئاماژەیان داوە، ئاگرەکەی سنووری قەزای پێنجوێن تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە سنووری چەند گوندێکی وەک هەڵاڵاوا، مەسۆ، کێلو، نزارە و دەرەگورگانی گرتووەتەوە، هاوکات کەسێک بە تۆمەتی هۆکار بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمی خۆبەخشی ڕێکخراوی ملەکەوە هەروەها دانیشتووان و گوندنشینان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دانە، کە بەهۆی سەختی ناوچەکە و مەترسی هەبوونی مین کاری تەواوی تیمەکان سەخت بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی ئاگرەکەوە تا ئێستا چەندین کەس بریندار بوونە، لە نێوانیاندا دوو هاووڵاتی خۆبەخش هەن و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە ناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەست دا، دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، نزیكهی پێنج ههزار دۆنم پووش و پاوهن و ژمارهیهكی زۆر ئاژهڵی كێوی سووتان و شهش گوندیش له ناوچهكه زیانی زۆریان بهركهوت.