وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: چوارەم جارە عێراق دەیەوێت سایتە نەشیاوەکان قەدەغە بکات

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24: دادگای فیدراڵی عێراق چوارەم جاریەتی بڕیاری قەدەغەکردنی سایتە نەشیاوەکان دەردەکات، بەڵام بڕیارەکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات لە هەرێمی کوردستان پاکێجی فاملیمان ڕاگەیاندووە و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتمان ئاگادار کردووەتەوە کە بەکارهێنەر خۆی بڕیار بدات سایتە نەشیاوەکان لەلای سانسۆر بکرێت یاخود نا.

ڕۆژی شەممە، 30ـی ئابی 2025، دیلان ڕەشید، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماوەکانی ڕابردوو هەموو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتمان ئاگادارکردەوە، کە دەبێت پرۆژەی فاملی پاکێج جێبەجێ بکەن و لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە، ئێستا هاووڵاتی سەرپشکە لەوەی سایتە نەشیاوەکان لەلای سانسۆر بکرێت یاخود نا.

گوتیشی:  عێراق ئەوە چوارەم جارێتی کە بڕیار لەسەر قەدەغەکردنی سایتە نەشیاوەکان دەدات، بەڵام بەکارهێنەر ڕێگەی فلتەرشکێن (ڤی پی ئێن) بەکاردەهێنن و سایتەکان دەکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای سکاڵاکار باسم خەزعەل خەشان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتن و بلۆککردنی سەرجەم "سایتە نەشیاوەکان" لە سەرتاسەری وڵات .

هاوکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ماددەی 39 لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە، ژمارە 1 ساڵی 2022 دەرکراوە. دادگاکە وەزارەتی پەیوەندییەکان و سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پابەندکردووە بە راگرتن و بلۆککردنی هەموو سایتە نەشیاوەکان لە سەرتاسەری عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە؛ حکومەتی عێراق لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا کردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار سایتی نەشیاوی قەدەخەکردووە و فلتەری خستوونەتەسەر، بەڵام بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت هەر سایتەکان دەکەنەوە و فلتەرشکێن (ڤی پی ئێن) بەکاردەهێنن.

بە گوێرەی ئامارێکی كۆمپانیای (سمێر وێب)ـی به‌ریتانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ توێژینه‌وه‌ی سایته‌ ئەلكیترۆنییه‌كان، عێراق له ‌ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی سایته‌ نەشیاوەکان، هه‌روه‌ها سایته‌كانی پۆڕنۆ له‌ ریزبه‌ندی چواره‌م دێن له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌سه‌ردانیكردنی له‌دوای سایته‌كانی، بازاڕکردن، قومار و یارییه‌ ئەلكیترۆنییه‌كان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment