لە دیاربەکر ئەنجوومەنی زمانی کوردی دامەزرا

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، بە بەشداریی نووسەران، ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، "ئەنجوومەنی زمانی کوردی" دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی ئەنجوومەنەکە خزمەتکردن و پێشخستنی زمانی کوردی و داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەشە بۆ زمان لەو شارەدا.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە و هەوڵی توانەوە و بێبەهاکردنی دراوە. دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە یەکگرتوویی کار بۆ پاراستنی زمانەکە بکەن.

لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا، بەشداربووان تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو. ئەحمەد کانی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی زمانی کوردی، بە کوردستان24ی گوت: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ڕەنگێکی کوردی بە شاری ئامەد ببەخشین و پلانێکی تۆکمە بۆ زمان دابڕێژین. دەمانەوێت هەموو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان پێکەوە لە ژێر ئەم چەترەدا کار بۆ زمان بکەن.

هەروەها عومەر فیدان، هاوسەرۆکی پێنا کوردی، ئاماژەی بەوەدا، ترس و بێبەهاکردنی زمان کە بۆ ماوەی سەد ساڵە بەردەوامە، دەبێت کۆتایی پێ بێت. 98%ی خەڵکی ئەم شارە داوای پەروەردە بە زمانی دایکی خۆیان دەکەن، بۆیە پێویستە سیستەمێکی پەروەردە و چاپەمەنیی یەکگرتوو دابمەزرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا دەستەیەکی بەڕێوەبەر دیاری بکرێت، هەروەها بانگەوازێک ئاراستەی سەرجەم خەباتکارانی بواری زمان کرا بۆ ئەوەی کۆببنەوە و پێکەوە کار بکەن. هاوکات بڕیار درا بودجەیەکی تایبەت بۆ کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنەکە تەرخان بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment