سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: سبەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: سبەی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم کوردستان، خەرج دەکرێت.

شەممە 30ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو کراون و تەنیا واژۆی بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاریی وەزارەت ماوە، سبەی لەگەڵ دەستپێکی دەوام بڕیار لە خەرجکردنی مووچە دەدرێت. 

هاوکات لە بارەی وادەی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی مووچەی مانگی شەش، لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردووەوە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی ناردووە و ماوەتەوە حکوومەتی عێراق تەمویلی مووچە بکات، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین.

بڕیاریشە ئەم هەفتەیە دوو شاند لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە بەغدا، یەکێکیان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر مووچەی مانگەکانی داهاتوو، ئەوەی دیکەشیان بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. 

 
Fly Erbil Advertisment